سوودانی شاندێکی باڵای ئەمنی دەنێرێتە سلێمانی


رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنیی عێراق دەڵێت، سەرجەم هەوڵەکانیان بۆ هێورکردنەوەی دۆخی سلێمانی بووە و بۆ بەدواداچوونیش لە رووداوەکان، شاندێکی ئەمنی رەوانەی شارەکە دەکرێت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 25ـی ئابی 2025، سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەنزیکەوە چاودێریی ئەو رووداوانەمان دەکرد لە سلێمانی روویاندەدا و سەرجەم هەوڵەکانمان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بوو بۆ ئەوەی لە کۆنتڕۆڵ دەرنەچێت."
 
نزیکەی کاژێر 04:00ـی بەرەبەیانی 22ـی ئابی 2025، ژمارەیەک هێزی ئەمنیی لە سلێمانی هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار، دوای نزیکەی چوار کاژێر رووبەڕووبووەنەوە لاهوور شێخ جەنگی سەرۆکى بەرەى گەل و خوشک و برایەکی دەستگیرکران.
 
ئەو سەرچاوەیەی رووداو گوتیشی، "محەممەد شیاع سوودانی لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندێکی باڵای ئەمنی بۆ بەدواداچوونی راستییەکان دەنێرێتە سلێمانی."
 
لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندێکی باڵای ئەمنیی فیدراڵی سەردانی شارەکە دەکات بۆ بەدواداچوون لەو رووداوانە.