پۆلیسی سۆران: تۆمەتبارێک دەستگیرکرا زیاتر لە 130 بووتڵی گازی دزیبوو

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی پۆلیسی سۆران دەڵێت، تۆمەتبارێک لە 6 ساڵدا 130 بووتڵی گازی لە بریکارەکەی دزیوە، جگە لەو بوتڵانەی لە هاووڵاتییانیشی دزیوە.
 
رۆژی دووشەممە 25ی ئابی 2025 شەماڵ دێواری، گوتەبێژی پۆلیسی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کەسێک شۆفێری ئۆتۆمبێلی فرۆشتنی گازی ماڵان بووە و بۆ بریکارێکی فرۆشتنی گاز کاری کردووە؛ 6 ساڵ بەردەوام بووە لە دزیکردن لە بریکارەکەی و تەنیا لە بریکارەکەی خۆی زیاتر لە 130 بووتڵی گازی دزیوە."
 
بە گوتەی شەماڵ دێواری، لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبارەکە بەردەوامە تاوەکو بزانرێت چەند بووتڵی لە هاووڵاتییان دزیوە، چونکە زانیاری هەیە ژمارەیەکی دزیوە.
 
گوتەبێژی پۆلیسی سۆران دەڵێت، "تۆمەتبارەکە بووتڵی گازی لە ماڵان وەرگرتووە، پارەشی لێسەندوون و پێی گوتوون دواتر بووتڵەکانیان بە پڕکراوەیی بۆ دەگەڕێنێتەوە. ئێستا لێکۆڵینەوە دەکرێت تاوەکو بزانرێت چەندی لە هاووڵاتیان دزیوە."
 
تۆمەتبارەکە ناوی (ب. ع. م)ە، وەکو شۆفێری ئۆتۆمبێلی فرۆشتنی گازی ماڵان کاری لای هاووڵاتییەک بەناوی (ع. ع. ع) کردووە، کە بریکاری دابەشکردنی گازە.