کاتی پڕکردنەوەی فۆرمی خۆراک درێژکرایەوە


رووداو – هەولێر

%85ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراکیان پڕکردووەتەوە. بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراک لە سلێمانی دەڵێت، تاوەکو 01ـی ئەیلوول کاتەکە درێژکراوەتەوە.
 
لە 2ـی حوزەیرانی 2025ـەوە پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک دەستیپێکرد و بڕیاربوو 01ی ئاب دوایین رۆژ بێ، بەڵام درێژکرایەوە بۆ 25ـی ئاب و ئەمڕۆش جارێکی دیکە درێژکراوەتەوە.
 
ئاراس محەممەد، بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراکی سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئاگادارکراینەوە کە وادەکە درێژکراوەتەوە بۆ یەکی ئەیلوول".
 
ئاراس محەممەد گوتی، هەرکەس تاوەکو 01ـی ئەلوول فۆرم پڕنەکاتەوە، لە قۆناخەکانی دواتردا دەتوانێ بە پێدانی رسوومات پڕی بکاتەوە.
 
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی بازرگانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "وادەی داخستنی ئەپلیکەیشنی نوێکردنەوەی زانیارییەکانی فۆرمی خۆراک درێژکرایەوە بۆ یەکشەممە 01-09-2025".
 
وەزارەتەکە دەڵێت، بڕیارەکەیان بۆ ئەوەیە "دەرفەتی تەواو بە هاووڵاتییان بدرێ بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی نوێکردنەوەی زانیارییەکانیان و مسۆگەرکردنی ئەوەی هەموو کەسانی شایستە لە سیستمی فۆرمی خۆراکدا تۆمار بکرێن".
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکراوە: "لە دوای رێککەوتی دیاریکراوەوە، بەشەخۆراکی ئەو فۆرمانە دەبڕدرێ کە زانیارییەکانیان نوێ نەکراونەتەوە".
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ 85%ـی هاونیشتمانیان لە سلێمانی، زیاتر لە 85%ـی هاونیشتمانیانی هەولێر، زیاتر لە 80%ـی دانیشتووانی دهۆک و 90% دانیشتووانی هەڵەبجە فۆرمەکەیان پڕکردووەتەوە.
 
بۆ نوێکردنەوە و تۆمارکردنی هەموو خێزانەکان لە فۆرمی ئەلیکترۆنی، ئەپلیکەیشنێک ئامادەکراوە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی بەردەستە و زانیارییەکانی تێدا تۆماردەکەیت.
 
تاوەکو ئەمڕۆ خزمەتگوزاری گواستنەوەی فۆرم و زیادکردنی ناوی منداڵ بۆ سیستمی ئەلیکترۆنی فۆرمی خۆراک زیادنەکراوە، بڕیارە دوای تەواوبوونی ماوەی پڕکردنەوەی فۆرمەکە خزمەتگوزارییەکانی دیکە چالاک بکرێن.
 
مانگانە لە رێگەی فۆرمی خۆراکەوە لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس، لە پارێزگای هەولێر ملیۆنێک و 984 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس بەشەخۆراک وەردەگرن.