داواکاری گشتی لەبارەی رووداوەکەی لالەزار: پێویستە رەچاوی بنەما یاسایی و دەستوورییەکان بکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی رووداوەکانی ئەم دواییانەی سلێمانی رایگەیاندووە، "پێویستە هەموو کەسێک پابەندی یاسا بێت و کەس لە سەرووی یاسا نەبێت."
 
داواکاری گشتی لە راگەیێندراوەکەیدا کە ئەمڕۆ دووشەممە 25-08-2025 بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت: "لە کاتی جێبەجێکردنی هەر فەرمان و بڕیارێکی دادگە، دەسەڵاتی جێبەجێکردن پێویستە بەوپەڕی پەرۆشییەوە رەچاوی بنەما یاسایی و دەستوورییەکان بکات، لە پاراستنی گیان و کەرامەتی هاونیشتمانییان، پاراستنی سامانی گشتی و تایبەت و مافەکانی خودی تۆمەتباریش کە لە یاسا و دەستووردا هاتووە."
 
هەڵکوتانە سەر هوتێل لالەلەزار لە بەرەبەیانی رۆژی 22ـی ئەم مانگە وەک میدیاکانی یەکێتی دەڵێن، بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگە بووە. بۆ ئەمەش هێزێکی زۆر هێرشی کردە سەر هوتێلەکە و بەوهۆیەوە چەند ماڵێکی دەوروبەری هوتێلەکە زیانیان بەرکەوت.
 
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی دەڵێت، "بۆ جێبەجێکردنی فەرمان و بڕیارەکانی دادگە، یاسا رێوشوێنی ئەوتۆی دیاری کردووە، کە نەبێتە هۆکاری پشێوی و نائارامی و زیان گەیاندن بە سامانی گشتی و تایبەتی هاونیشتمانییان، لە چوارچێوەی بنەما دەستووری و یاساییەکان، هەر لەم چوارچێوەیەدا زۆر گرنگە مافی ژیان و کەرامەت و ئازادی هاونیشتمانییان پارێزراو بێت."
 
سەرۆکایەتییەکە داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن و خاوەنی پەیج و هەژمارەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەکات، "بە شێوەیەکی بەرپرسانە و دوور لە ئاڵۆزکردنی زیاتر، مامەڵە لەگەڵ ئەم رووداوە و لێکەوتەکانی بکەن."
 
داواکاری گشتی، فەرمانگەی داواکاری گشتیی سلێمانی رادەسپارد بۆ بەدواداچوون بۆ ئەم رووداوەی شەوی 21 لەسەر 22ـی ئەم مانگە لە سلێمانی روویدا.
 
نزیکەی کاژێر 04:00ـی بەرەبەیانی 22ـی ئابی 2025، ژمارەیەک هێزی ئەمنیی لە سلێمانی هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار، دوای نزیکەی چوار کاژێر رووبەڕووبووەنەوە لاهوور شێخ جەنگی سەرۆکى بەرەى گەل و خوشک و برایەکی دەستگیرکران.
 
لە رووبەڕووبوونەوەکەدا سێ کارمەندی هێزە ئەمنییەکان لە دژە تیرۆر، کۆماندۆ و ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش کوژران، هەروەها باس لە کوژرانی دوو چەکداری هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی بە ناوی دووپشک دەکرێت.