نێچیرڤان بارزانی و بەرپرسێکی ئاکپارتی جەخت لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان دەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە 25ی ئاب نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە زافەر سراکایا، جێگری سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکپارتی) بۆ کاروباری دەرەوە کرد؛ لە دیدارێکدا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ تورکیا و دۆخی ناوچەکە تاوتوێ کران.
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هاریکاریی هاوبەش کردەوە، کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوولا و پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە دەکات.
هەر لە دیدارەکەدا، نێچیرڤان بارزانی دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان وەکو دراوسێیەکی گرنگ سەیری تورکیا دەکات و بەرژەوەندیی هاوبەش و درێژخایەن کۆیاندەکاتەوە. هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ رۆڵی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئاکپارتی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی.