تراژیدیای ژنێکی ئالوودەبووی مادەی هۆشبەر: 'نازانم باوکی منداڵەکەم کێیە'
رووداو دیجیتاڵ
ژنێکی ئالوودەبووی مادەی هۆشبەر دەڵێ، کەسوکاری بەهۆی بەکارهێنانی مادەکەوە وازیان لێهێناوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لەژێر کاریگەریی مادەی هۆشبەردا پەیوەندی لەگەڵ چەندین پیاو هەبووە، دەستدرێژییان کردووەتە سەر و نازانێ باوکی منداڵەکەی کێیە.
لە بەدواداچوونێکی مەیدانیدا شەهیان تەحسین، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو قسەی لەگەڵ ژمارەیەک ژنی ئالوودەبووی مادەی هۆشبەر کردووە کە ئێستا لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا راگیراون.
یەکێک لە ئالوودەبووانی مادەی هۆشبەر کە دایکی منداڵێکە بەم شێوەیە چیرۆکی ژیانی خۆی گێرایەوە: ''لە رێگەی برادەرێکمەوە تووشی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر بووم. بۆ هەفتەیەک بەکارم هێنا، دواتر کەسوکارم وازیان لێهێنام و حاشایان لێکردم''.
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئالوودەبوونی و دوورخرانەوەی لەلایەن خێزانەکەیەوە، ناچار بووە بۆ ماوەیەکی زۆر بەبێ ئاو، نان و پێداویستی لە شەقام و پارکەکان بمێنێتەوە.
بەگوتەی خۆی، ئەو شێوە ژیانەی زۆر بۆ قورس بووە و دەڵێت: ''تووشی تووندوتیژی بوومەوە؛ چەندین جار خەڵک لێیاندام؛ دەیانگوت ئەوە شێتە و تەواو نییە؛ خراپەیان بەرامبەر دەکردم.''
''نازانم باوکی منداڵەکەم کێیە''
ئەو هاونیشتمانییە باسی لەوە کرد، هەر لەو ماوەیەدا لە شەقامەکان ماوەتەوە، چەندین جار دەستدرێژیی سێکسی کراوەتەسەر و لەژێر کاریگەریی مادە هۆشبەرەکاندا لەگەڵ پیاوان خەوتووە و گوتی: ''ئێستا نازانم باوکی منداڵەکەم کێیە.''
ئەو ئالوودەبووەی مادەی هۆشبەر گوتی، هەر لە شەقامەکان دووگیان بووە، رەمەزانی ئەم ساڵ خێرخوازێک گەیاندوویەتیە نەخۆشخانە و دوای لەدایکبوونی منداڵەکەی، گەڕاوەتەوە شەقام.
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، تەمەنی کچەکەی تەنیا یەک رۆژ بووە کە لە پارکێکدا لێیان دزیوە و رایگەیاند: ''خەوتبووم؛ کاتێك هەستام نەمابوو. کامێرای پارکمان لێدایەوە، بینیمان سێ کەس بوون، روخساریان داپۆشرابوو و رفاندیان. ئێستاش هیچ هەواڵی نازانم، بەڵام ئەگەر بیبینم دەیناسمەوە، چونکە نیشانەیەک لەسەر دەستی هەیە.''
''هیچ کات بیرم نەدەکردەوە ژیانم بەم شێوەیەی لێبێت''
ئەو ژنە ئاماژەی بە دۆخێک کرد کە بەهۆی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەرەوە تووشی بووە و گوتی: ''زۆر وێرانم بەهۆی ئەو دۆخەی بەسەرم هاتووە. هیچ کات بیرم نەدەکردەوە ژیانم بەم شێوەیەی لێ بێت و کەسانێک ژیان و داهاتووم تێکبدەن. پێم وانەبوو ئاراستەی ژیانم بەم شێوەیە بێت.''
ئەو هاونیشتمانییە ئامۆژگاریی گەنجان دەکات کە خۆیان لە بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر بپارێزن و گوتی: ''حەز ناکەم هیچ کەسێک تووشی ئەو نەهامەتییە بێت.''
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی دەست رووداو کەوتوون، لە 6 مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا زیاتر لە هەزار و 100 کەس لە هەرێمی کوردستان بە تۆمەتی بازرگانی و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون، لەکاتێکدا هەموو ساڵی پار ژمارەکە هەزار و 568 کەس بووە.
پار لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دەست بەسەر 466 کیلۆ و 172 گرام ماددەی هۆشبەر، 45 کیلۆ و 564 گرام حەبی کاپتاگۆن و 30 هەزار و 240 پارچە حەبی دیکەی هۆشبەردا گیراوە.