لە دهۆک 35 کەس بەهۆی خواردنی خێراوە ژەهراوی بوون
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی خواردنی خێرا ژمارەیەک هاونیشتمانی لە دهۆک ژەهراوی بوون. گوتەبێژی تەندروستیی شارەکەش دەڵێت، خواردنگەکە داخراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 25ـی ئابی 2025، مەتین جەمیل، گوتەبێژی تەندروستیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ بەهۆی خواردنی ژەمی ئێوارە لە خواردنگەیەکی خواردنی خێرا لە شاری دهۆک، 35 کەس ژەهراوی بوون."
گوتەبێژی تەندروستیی دهۆک گوتی، "تووشبووەکان رەوانەی نەخۆشخانە کران و تاوەکو ئێستا ژمارەیەکیان لە نەخۆشخانە ماونەتەوە و لە ژێر چاودێری پزیشکیدان، بەشێکیشیان رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە، بەڵام بە گشتی دۆخیان باشە."
بە گوتەی مەتین جەمیل، لەنێو ژەهراویبووەکاندا ئافرەت و منداڵ هەن. دەشڵێت، لێکۆڵینەوە و پشکنینەکان بەردەوامن، بۆ ئەوەی بزانرێت هۆکاری سەرەکی ژەهراویبوونەکە لە کام پێکهاتەی خواردنەکاندا بووە.
وەک گوتەبێژی تەندروستیی دهۆک ئاماژەی پێدەکات، خواردنگەکە لەلایەن لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی دهۆک و تیمەکانی خۆپاراستنی تەندروستییەوە داخراوە؛ "رەنگە داخستنەکە هەمیشەیی بێت."