لە بۆکان باوکێک لە کاتی رزگارکردنی کچەکەی دا خنکا
رووداو دیجیتاڵ
لە رووباری جەغەتوو لە نزیک گوندی ساروقامیشی سەر بە شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، باوکێکی تەمەن 42 ساڵ لەکاتی هەوڵدان بۆ رزگارکردنی کچە 14 ساڵانەکەیدا خنکا؛ کچەکەشی دوای رزگارکردنی، تووشی مردنی مێشک بووە.
رووداوەکە رۆژی دووشەممە، 25-08-2025 روویداوە. شایەتحاڵێکی رووداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، خێزانێکی سێ کەسی بۆ سەیران روویان لە کەناری رووبارەکە کردبوو، کاتێک کچەکەیان دەچێتە نێو ئاوەکە و مەترسیی خنکانی لەسەر دەبێت، باوکی هەوڵی رزگارکردنی دەدات.
بە گوتەی شایەتحاڵەکە، باوکەکە لەنێو ئاوەکەدا دەخنکێت، بەڵام کچەکەی بە هاوکاریی خانمێکی مەلەوان لە خنکان رزگار دەکرێت و دوای پێشکێشکردنی فریاگوزاریی سەرەتایی، رەوانەی نەخۆشخانەی بۆکان دەکرێت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، دوای نزیکەی سێ کاژێر گەڕان، تەرمی باوکەکە بە ناوی لوقمان بەهلولی دۆزرایەوە. کچەکەشی ناوی یاسەمەن بەهلولی، بەهۆی مانەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر لەژێر ئاودا، تووشی مردنی مێشک بووە.
رووباری جەغەتوو (زەڕینە) بە نزیک گوندی ساروقامیشدا تێدەپەڕێت و یەکێکە لە سەیرانگا بەناوبانگەکانی ناوچەکە. بەڵام هاونیشتمانییان دەڵێن، بەهۆی دەرهێنانی لم و چەو، چەندین شوێنی رووبارەکە زۆر قووڵ بووە و ئەمەش مەترسیی خنکانی بۆ ئەو کەسانە دروستکردووە کە بۆ مەلەکردن رووی تێدەکەن.
بەپێی ئامارێکی فەرمیی دادپزیشکیی ئێران، ساڵی رابردوو، هەزار و 26 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی خنکان لە ئاودا گیانیان لەدەستداوە.