یونامی لەبارەی رووداوەکەی لالەزار: مامەڵەی خراپ لەگەڵ دەستبەسەرکراوەکان کراوە

رووداو دیجیتاڵ

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی) لەبارەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی دوای هێرشەکەی سەر هوتێل لالەزاری سلێمانی بڵاوکراونەتەوە رایگەیاند: "گرتە ڤیدیۆییەکان نیگەرانکەرن."
 
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رۆژی دووشەممە 25-08-2025 رایگەیاند، گرتە ڤیدیۆییەکان دەریدەخەن، "مامەڵەی خراپ" لەگەڵ ئەو دەستبەسەرکراوانەدا کراوە، کە لە پێکدادانەکانی ئەم دواییەی پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکرابوون.
 
یونامی ئاماژە بەوە دەکات، "دووبارە داوای رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و گەرەنتیی پەیڕەوکردنی رێکارە یاساییەکان دەکەینەوە، لەنێویاندا دەستبەسەرکراوانی ئەم رووداوانە."
 
نزیکەی کاژێر 04:00ـی بەرەبەیانی 22ـی ئابی 2025، ژمارەیەک هێزی ئەمنیی لە سلێمانی هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار، دوای زیاتر لە سێ کاژێر رووبەڕووبووەنەوە لاهوور شێخ جەنگی سەرۆکى بەرەى گەل و خوشک و برایەکی دەستگیرکران.
 
لە رووبەڕووبوونەوەکەدا سێ کارمەندی هێزە ئەمنییەکان لە دژە تیرۆر، کۆماندۆ و ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش کوژران، هەروەها باس لە کوژرانی دوو چەکداری هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی بە ناوی دووپشک دەکرێت.
 
لەدوای پێکدادانەکان، ژمارەیەک چەکدار و پاسەوانی لاهوور شێخ جەنگی لەلایەن هێزەئەمنییەکانەوە دەستگیرکران و بەگوێرەی چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە بڵاوکراونەتەوە، ژمارەیەک لە هێزەئەمنییەکان سووکایەتی بە دەستگیرکراوەکان دەکەن.