سەرچاوە سرووشتییەکانی سنە: تەنیا 110 فەرمانبەرمان بۆ پاراستنی دارستانەکان هەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە لە کەمیی ژمارەی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکە نیگەرانە و دەڵێت، لە هەموو پارێزگاکەدا تەنیا 110 فەرمانبەریان بۆ چاودێریکردن و پاراستنی دارستانەکان هەیە و ئەوەش ئەرکیانی سەخت کردووە.
 
رۆژی دووشەممە 25ی ئابی 2025 بەهزاد شەریفیپوور، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە رایگەیاند، کەمیی ژمارەی فەرمانبەران یەکەمین و سەرەکیترین ئاڵنگارییە کە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان رووبەڕووی دەبێتەوە، لەبەرئەوەی لە هەموو پارێزگاکەيش تەنیا 110 فەرمانبەریان بۆ چاودێریکردن و پاراستنی ژینگە و دارستانەکان هەیە.
 
بەهزاد شەریفیپوور گوتی، "بەپێی پێوەرە جیهانییەکان، پێویستە بۆ 3000 هێکتار لانیکەم فەرمانبەرێکی سەرچاوە سرووشتییەکان بۆ پاراستنی ژینگە هەبێت، لە کاتێکدا لە ئێران بۆ 10 هەزار هێکتار فەرمانبەرێک هەیە و لە پارێزگای سنە دۆخەکە خراپترە، لەبەر ئەوەی بۆ 26 هەزار هێکتار فەرمانبەرێکمان هەیە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە رەخنە لە کەمیی ژمارەی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە سروشتییەکانی پارێزگاکە دەگرێت و دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ رێوشوێنێک بۆ زیاترکردنی ژمارەی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکە نەگیراوەتەبەر.
 
شەریفیپوور دەڵێت، "بەداخەوە وەکو پێویست و بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، تەنانەت بەپێی پێوەرەکانی سەر ئاستی ئێرانیش، فەرمانبەر و کەرەستەمان نییە بۆ چاودێریکردن و پاراستنی دارستانەکان. ئەمەش لە کاتێکدایە بڕیارە بەپێی بڕیارێکی نوێی حکومەت، دامەزراوەی سەرچاوە سرووشتییەکان تێکەڵی وەزارەتی کشتوکاڵ و دامەزراوەی پاراستنی ژینگە بکرێت."
 
پارێزگای سنە سرووشتێکی دەوڵەمەندی هەیە. لە کۆی دوو ملیۆن و 900 هەزار هێکتار رووبەری پارێزگاکە، زیاتر لە یەک ملیۆن و 740 هەزار هێکتاری دارستان، پووش و پاوان و لەوەڕگەیە، کە ساڵانە رووبەڕووی مەترسیی ئاگرکەوتنەوە دەبێتەوە.