فڕۆکەکانی تورکیا سنووری ئاکرێ و ئامێدی بۆردوومان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەکانی تورکیا چەند جارێک سنووری ئاکرێ و ئامێدییان بۆردوومان کرد. قایمقامی ئاکرێ بە وەکالەت دەڵێت، بۆردوومانەکە هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە.
شهعبان بهروارى، قایمقامی ئاکرێ ئەمڕۆ یەکشەممە 25-09-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆردوومانەکە کاژێر 11:30 شەوی رابردوو بووە و سنووری گوندەکانی كورتكا و میرگهڕهشێی لە سنووری ناحیەی دینارتە گرتووەتەوە، "بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە".
لەبارەی بۆردوومانکردنی سنووری قەزای ئامێدیش، رەمزی سەرگەلی، دانیشتووی گوندی مێرستەکێ بە رووداوی گوت، لەنێوان کاژێر 11:00 تاوەکو 03:00ـی بەرەبەیان چەند جارێک بۆردوومانی بناری چیای مەتینا کراوە.
ئەو هاونیشتمانییە باسی لەوەش کرد کە نزیکەی سێ مانگە بەردەوام فڕۆکەکانی تورکیا گوندەکانی سنووری چیای مەتینا بۆردوومان دەکەن، راستە زیانی گیانیی نەبووە، بەڵام ئەو بۆردوومانانە ترسێکی زۆریان خستووەتە دڵی خەڵکییەوە بەتایبەت منداڵان.
بەپێی زانیارییەکانی ناسر عەلی، پەیامنێری رووداو لە دهۆک، بەهۆی بۆردوومانەکەی گوندەکانی بناری چیای مەتیناوە، ئاگر لە دارستانەکان کەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا نەکوژێنراوەتەوە.
ئەم بۆردوومانە لەکاتێدایە کە سوپای پاسدارانی ئێران رۆژی شەممە 25-09-2022 رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێک لە هەرێمی کوردستان بە "ئاگرباران و تۆپباران" دەستپێدەکات و داوای لە خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد لە بنکە و بارەگاکانی ئەو حیزبانەی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن، دووربکەونەوە.
سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئۆپەراسیۆنێكیان لە "هەرێمی باکووری عێراق" دەستپێکردووە و بەردەوام دەبن لە پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانیان، هەروەها بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بە بەرپرسیار دەزانن لە بەرامبەر پابەندییە نێودەوڵەتییەکانیان و بەردەوامبوونیان لە بەرپرسیارێتییە یاساییەکانیان.
هەر دوێنێ شەممە سوپای پاسدارانی ئێران سنووری ناحیەی سیدەکانی تۆپباران کرد و لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوە داوە، ئەوە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەیان بووە، هێرشەکەیان ئامانجی پێکاوە و "قوربانی لێکەوتووەتەوە".