لە کەمپی ئاوارە ئێزدییەکان لە زاخۆ چادرێک سووتا
رووداو دیجیتاڵ
لە کەمپی چەمشکۆ لە زاخۆ، چادرێکی ئاوارەکان سووتا. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی زاخۆ دەڵێت، "ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەبا بووە".
رۆژی دووشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2023، رائید جەمال هەسن، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ کاژێر 09:00، چادرێکی ئاوارەکان لە کەمپی چەمشكۆ بەتەواوی سووتا؛ چادرێکی دیکەش بەشێکی سووتا و دەبێت بگۆڕدرێت، بەڵام رووداوەکە زیانی گیانی نەبوو."
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی زاخۆ ئاماژەی بەوەکرد، خاوەنی ماڵەکە سەرقاڵی جووتیاری بوون و لەکاتی رووداوەکەدا لەماڵ نەبوون. گوتیشی، "هۆکاری ئاگرەکە شۆرتی کارەبا بووە."
لە رووداوێکی هاوشێوەیەدا لە کەمپی چەمشکۆ، 5ـی شوباتی 2023، سێ چادر سووتان و بەهۆیانەوە دوو منداڵ کە برا بوون سووتان و گیانیان لەدەستدا.
کەمپی چەمشکۆ لە قەزای زاخۆ، ئاوارە کوردە ئێزدییەکانی شنگالی تێدا نیشتەجێن.