مەسرور بارزانی لە ساڵیادی گشتپرسی: رۆژی سەرکەوتنی ئیرادەی نەتەوەکەمان پیرۆزبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی گشتپرسیی سەربەخۆیی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی کوردستان و سەرکردایەتیی سیاسی و "پێشمەرگە قارەمانەکان" کرد.
 
سەرۆکی حکومەت لە پەیامەکەیدا، یادی ساڵڕۆژی گشتپرسی بە "رۆژی بڕیاری بوێری گەلی کوردستان" و "رۆژی سەرکەوتنی ئیرادەی نەتەوەکەمان" وەسف کرد.
 
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئەو رۆژە، رۆژی هیوا و ئومێد بوو بۆ بەدیهێنانی مافی چارەی خۆنووسین.
 
مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، پیرۆزبایی گەرمی خۆی ئاراستەی سەرکردە و رابەر و پێشمەرگە سەرۆک بارزانی و "بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و گەلی نیشتیمانپەروەر و خۆڕاگری کوردستان کرد."
 
جەختی لەسەر رۆڵی پێشمەرگە و قوربانیدانی شەهیدان لە پاراستنی خاک و بەها نەتەوەییەکان کردەوە، کە بوونە مایەی بەهێزکردنی بنەماکانی بڕیاری گشتپرسی.
 
گشتپرسیی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە 25ی ئەیلوولی 2017 بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی ئەنجام درا.