فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکان لە سۆران دەستیپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێیەمین فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکان بە بەشداریی نزیکەی 60 جووتیار دەستیپێکرد.
رۆژی پێنجشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2025، کامەران حوسێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر 03:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێیەمین فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکانی دەڤەرەکەمان بەڕێوە دەچێت و تاوەکو سبەی شەو کاژێر 09:00 بەردەوام دەبێت".
بە گوتەی کامەران حوسێن، فێستیڤاڵەکە بە بەشداریی 56 جووتیار بەڕێوەدەچێت و هەموو بەرهەمەکانی وەک ترێ، هەنجیر، هەنگوین، شووتی، تووتن و فستقی تەڕی تێدا نمایش دەکرێت و دەفرۆشرێن.
فێستیڤاڵەکە لە پارکی گوڵان بەڕێوە دەچێت. بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سۆران گوتی: "دەمانەوێت بەرهەمە خۆماڵییە هەمەجۆرەکانی جووتیارەکانمان بناسێنین".
پێشتر بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سۆران بە رووداوی گوتبوو: "لە وەرزی هاویندا دەرکەوتنی بەشێکی زۆری نیشانەکانی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاو لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، یەکێک بوو لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی بەرهەمەکان بەگشتی و بەرهەمی هاوینە بە رێژەی 80٪ کەمی کرد".
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ساڵی رابردوو 12 هەزار و 412 دۆنم زەوی بە بەرووبوومی کشتوکاڵیی هاوینە داچێندرابوو و 31 هەزار و 304 دۆنم زەویش بە بەرووبوومی زستانە داچێنرابوو.
لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی سۆران زیاتر لە 250 هەزار دۆنم زەوی بۆ چاندنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان هەیە و ساڵانە زیاتر لە نیوەی بۆ تەماتە، خەیار و بەرهەمی دیکە تەرخان دەکرێت.