دوای چوار ساڵ خێرخوازان کارەبایان بۆ گوندێکی کرماشان گەڕاندەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای چوار ساڵ خێرخوازان بگۆڕی کارەبا بۆ گوندی هالەڕەش لە پارێزگای کرماشان دابین دەکەن و کارەبا بۆ گوندەکە دەگەڕێتەوە.
 
رۆژی پینجشەممە، 25ی ئەیلوولی 2025، هاونیشتمانییەکی گوندی هالەڕەشی سەر بە شاری سەلاسی باوەجانی لە پارێزگای کرماشان بە رووداو راگەیاند،" ماوی چوار ساڵە بگۆڕی کارەبای گوندی هالەڕەش دزراوە گوندەکە بێ کارەبا بووە."
 
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، ئیدارەی کارەبای سەلاسی باوەجای بگۆڕی کارەبای بۆ گوندەکە دابین نەکردووە و پێی گوتوون بەهۆی ئەوەی بە باشی چاودێریی بگۆڕەکە نەکراوە، بگۆڕی کارەبا بۆ گوندەکە دابین ناکەن.
 
ئەو هاونیشتمانییە گوتی: "ژنێکی خێرخواز بە ناوی راشین رۆستەمی، بە هاوکاری خێرخوازان بگۆڕێکی کارەبای بە 100 ملیۆن تمەن بۆ گوندەکە دابین کردووە دوای چوار ساڵ کارەبا بۆ گوندەکە دەگەڕێتەوە."
 
نەبوونی کارەبا خەریک بوو گوندەکەی چۆڵ دەکرد، ئەو هاونیشتمانییە گوتی: "بەهۆی نەبوونی کارەبا و پردی پەڕینەوە لە رووباری زمکان کە لە نزیک گوندەکەیە ئێستا تەنیا 5 ماڵ لە گوندەکە ماون."
 
بڕیارە ئەمڕۆ ئیدارەی کارەبای سەلاسی باوەجانی، بچێتە گوندی هالەڕەش بگۆڕی کارەباکە کە لە لایەن خێرخوازان دابین کراوە بۆ گوندەکە دابنێت و دوای چوار ساڵ کارەبا بۆ گوندەکە بگەڕێتەوە.
 
گوندی هالەڕەش سەر بەشاری سەلاسی باوەجانییە و نزیکەی 60 کیلۆمەتر لە شارەکە دوورە، ژمارەی ماڵەکانی گوندەکە پێشتر زیاتر لە 20 ماڵ بووە، بەڵام بەهۆی کێشە بێ ئاوی نەبوونی پردی پەڕینەوە و نەبوونی کارەبا تەنیا 5 ماڵی لێ ماوە.