سەدان گوند لە هەرێمی کوردستان چۆڵکراون
رووداو دیجیتاڵ
جگە لە ئیدارەی گەرمیان، بەرپرسانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دەڵێن، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە هیچ گوندێک چۆڵنەکراوە. بەهۆی شەڕی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و تورکیا، هەروەها تۆپبارانەکانی تورکیا و ئێران بۆ سنوورەکانی هەرێمی کوردستان 438 گوند چۆڵکراون.
لە سنووری هەولێر بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە هیچ گوندێک چۆڵ نەکراوە
رۆژی سێشەممە 25-10-2022، هێمن سەیید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گوندێک ژیانی تێدابووبێت لە سنووری هەولێر چۆڵنەکراوە؛ هیچ گوندێک نییە کە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە لەلایەن هاونیشتمانیانەوە چۆڵکرابێت."
هێمن سەیید موراد گوتیشی، ئەوان هەوڵدەدەن پێداویستی گوندنشینان دابینبکەن بۆ ئەوەی گوندەکان چۆڵنەکرێن؛ دەشڵێت: "ئەمساڵ 34 بیری نوێ بۆ 34 گوند لێدراون؛ چەندین بیر قووڵترکراون و نۆژەنکراونەتەوە؛ ئامانجی ئێمە ئەوەیە هیچ گوندێک لە دانیشتووانەکەی چۆڵنەکرێت."
لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین هیچ گوندێک چۆڵنەکراوە
لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین، زیاتر لە 1800 گوند هەن؛ رۆژی سێشەممە 25-10-2022، شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە تەواوی ئەو گوندانەدا هیچ گوندێک چۆڵنەکراوە."
شاڵاو جەمال گوتی: "بەهۆی نەبوونی ئاو یان نەتوانینی بەخێوکردنی ئاژەڵ یان هەر بابەتێکی هاوشێوە، هیچ کەسێک تاوەکو ئەمڕۆ بە ئێمەی نەگوتووە گوندەکەی چۆڵکردووە یان چۆڵی دەکات."
هەروەها ستار مەحموود، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ گوندێک نەبووە بە تەواوی چۆڵکرابێ. کێشەی کەمی ئاو هەبووە و بیرلێدراوە. بەهاوکاری لایەنە حکومییەکان و خەڵکی گوندەکان، یان خێرخوازان چارەسەریی کێشەی نەبوونی ئاو و کوێربوونەوەی کانییەکان کراوە."
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە ئاماژەی بەوە کرد کە هەندێک گوند بەشێکی ماڵەکان منداڵیان دامەزراوە یان بە هۆکاری تایبەتی خۆیان گوندیان چۆڵکردووە و ئەوەش مەترسیی خستووەتەسەر تەواو چۆڵبوونی گوندەکەیان، چونکە ماڵ کەم مایەوە لە گوندەکاندا قوتابخانەکانیان دادەخرێت و مامۆستا بۆ چەند قوتابییەکی کەم ناچێتە گوندەکان.
لە پارێزگای دهۆک بەهۆی شەڕەوە 255 گوند چۆڵکراون
لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، 255 گوند چۆڵکراون؛ بەڵام جێگری پارێزگار دەڵێت، "هیچ" گوندێک بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە چۆڵنەکراوە.
رۆژی سێشەممە 25-10-2022، ماجید سەیید ساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ گوندێک لە سنووری پارێزگای دهۆک بەهۆی نەبوون و کەمی خزمەتگوزارییەوە چۆڵنەکراوە؛ ئەو گوندانەی چۆڵکراون، بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیاوە چۆڵکراون."
لە دوای ساڵانی 1990ـەوە لە سنووری ئامێدی 195 گوند، لە سنووری ئاکرێ 25 گوند، لە سنووری زاخۆ 25 گوند و لە قەزای شێخانیش 10 گوند بەهۆی شەڕەوە چۆڵکراون.
لە ئیدارەی سۆران بەهۆی شەڕەوە 183 گوند چۆڵکراون
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کە سەر بە پارێزگای هەولێرە 183 گوند چۆڵکراون. رۆژی سێشەممە 25ـی ئۆکتۆبەر، هەژار حەکیم، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سنووری مێرگەسۆر 65 گوند و لە سنووری سیدەکانیش 118 گوند چۆڵکراون؛ هەموو ئەوانە بەهۆی شەڕ و بۆردوومانەکانی تورکیا و ئێرانەوە چۆڵکراون."
هەژار حەکیم گوتی، هیچ گوندێک بەهۆی کەمی یان نەبوونی خزمەتگوزارییەوە چۆڵنەکراوە و گوتیشی: "ئێمە بەردەوامین لە هەوڵدان بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ گوندەکان و بۆئەوەی ئەوانەش لە رابردوودا چۆڵیان کردووە بەهۆی شەڕەوە بگەڕێنەوە. ئێستاش هەروەها سەرقاڵی پڕۆژەی ئاوین بۆ گوندەکانی سنووری باڵەکایەتی."
75 گوند لە ئیدارەی گەرمیان ئاوەدان نین
لە سنووری گەرمیان 437 گوند هەن؛ لەو ژمارەیە 75 گوندیان ئاوەدان نین و 362 گوندیان ئاوەدانن. رۆژی سێشەممە، ئەندازیار عومەر وەلی، بەڕێوەبەری پلاندانان و بەدواداچوون لە ئیدارەی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "چۆڵکردنی گوندەکان بەهۆکاری نەبوونی رێگەوبانی باش، دووری لە شارەکان و نەبوونی خزمەتگوزارییەوەیە؛ هەروەها بەشێک لە گوندەکان لە دوای تاوانی ئەنفالەوە ئاوەدان نەکراونەتەوە؛ زۆرینەی گوندەکان بنکەی تەندروستی، قوتابخانە و کارەبایان نییە."