روونکردنەوەیەکی پێویست

 
‎تۆڕی میدیایی رووداو وەکو پابەندیی بەردەوام بە گواستنەوەی راستگۆیانە، کاردانەوەی رێکخراوەکانی سەبارەت بە دەستگیرکردنی دوو رۆژنامەڤان لە سلێمانی وەکو خۆی گواستەوە، بەڵام چەند پەیج و ماڵپەڕێک چەواشەکارییەکی ئاشکرایان بەرامبەر هەواڵەکانی رووداو کرد.
 
‎رووداو سەرەتا هەڵوێستی لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و سەنتەری میترۆی سەبارەت بە دەستگیرکردنی رۆژنامەڤانان (جەمال عەبدوڵڵا، عیماد بیلال) بڵاوکردەوە، ئەوان لە دوو بەیاننامەی جیاوازدا رایانگەیاند، بەپێی بەدواداچوونەکانیان هەردوو رۆژنامەنووس جەمال عەبدوڵڵا و عیماد بیلال لەسەر کاری رۆژنامەڤانی دەستگیر نەکراون.
 
دوای ئەوە لیژنەی داکۆکی لە رۆژنامەنووسان، کە سەر بە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانە، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، رووداو هەڵوێستی ئەو لیژنەیەشی وەکو خۆی یەکسەر بڵاوکردەوە؛ کە تێیدا هاتووە، شێوازی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسەکان مەترسییە بۆ سەر ئازادیی رادەربڕین. بە هەمان شێوە خستنە زیندانی رۆژنامەنووس ئازاد باییزی لە قەزای چەمچەماڵ بۆ ماوەی 22 رۆژ شەرمەزار کرد.
 
‎رووداو تەواو پیشەییانە کاری کرد و ئەو سێ بەیاننامەیەی وەکو خۆی لەکاتی دەرچوونیان دا بڵاوکردەوە. کە ئازادیش کران، هەواڵی ئازادکرانیانی بە لێدوانی رۆژنامەڤان جەمال عەبدوڵڵا بڵاوکردەوە.
 
‎رووداو گواستنەوەی زانیارییەکان و هەڵوێستەکان وەکو خۆی، بە بەرپرسیارێتییەکی بنچینەیی دادەنێت بەرامبەر بینەران و خوێنەران و بیسەرانی. لە هەمان کاتدا جەخت لە پێویستی پابەندبوون بە جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 35ی تایبەت بە کاری رۆژنامەگەری بۆ هەموو کەیسێکی تایبەت بە کاری رۆژنامەڤانی لە هەرێمی کوردستاندا دەکاتەوە.
 
‎تۆڕی میدیایی رووداو