لە رووها پێنج کەس بە تۆمەتی ئەندامێتی و بانگەشە بۆ پەکەکە دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
لە رووها-ی باکووری کوردستان، پێنج کەس بە تۆمەتی ئەندامێتی و بانگەشەکردن بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە دەستگیرکران.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رووها بڵاویکردەوە، لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی شارەکە، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە کەیسی پەکەکە/کەجەکە و بە بڕیاری دادگا، ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی تشرینی یەکەمی 2023، تیمەکانیان پێنج کەسیان لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا دەستگیرکردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رووها دەڵێت، سێ لەوانەی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستگیرکراون، لە رێکخستنەکانی گەنجانی سەر بە پەکەکە/کەجەکە چالاکییان کردووە؛ دووانیان بە تۆمەتی داڵدەدانی گەریلاکانی پەکەکە و هاوکاریکردنیان، دەستگیرکراون.
هەروەها ژمارەیەک ئامێری دیجیتاڵی و بەڵگەنامەی رێکخراوەیی لە ناونیشانەکانی دەستگیرکراوەکاندا دەستیان بەسەردا گیراوە.
دەستگیرکراوەکان دوای پشکنینی تەندروستی بۆیان، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە رەوانەی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش کراون.