بەرگریی تورکیا دەڵێت 19 پێگەی پەکەکەیان لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، شەوی چوارشەممە 19 پێگەی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکەیان لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان کردووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، کە لە ئەکاونتی تۆڕی ئێکسی وەزارەتەکە بڵاوکراوەتەوە، فڕۆکە جەنگییەکان و درۆنە شەڕکەرەکانی سەر بە فەرماندەیی هێزی ئاسمانی، لە کاژێر 21:00ی شەوی 25ی تشرینی یەکەمی 2023دا، 19 پێگەی پەکەکەیان لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆردوومان کردووە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بە مەبەستی لەنێوبردنی ئەندامانی رێکخراوە تیرۆریستییە جوداخوازەکان، تێکشکاندنی ئەو هێرش و هەڕەشانەی لە باکووری عێراقەوە دەکرێنە سەر هێزی ئەمنی و خەڵکەکەمان و پاراستنی سنوورەکانمان؛ ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان لە ناوچەکانی مەتین، گارە، ئاڤاشین، خواکوڕک و قەندیل کرا."
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا 19 پێگەی تیرۆریستان، حەشارگە، ئەشکەوت، کۆگا و پەناگە کرایە ئامانج. تەواوی تەقەمەنییە بەکارهاتووەکان خۆماڵین. لە بۆردوومان و تۆپبارانەکاندا خەڵکی سڤیل، لایەنی دۆست، شوێنە مێژوویی و کولتوورییەکان زیانیان بەرناکەوێت."
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18ی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
 
بەگوێرەی دوایین راگەیێندراوی هەپەگە کە رۆژی 22ی تشرینی یەکەمی 2023 بڵاوکراوەتەوە، گەریلاکانی پەکەکە لە رۆژانی 15 - 21ی مانگدا لە ناوچەکانی زاپ و خواکوڕک، مەتین و ئاڤاشین لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێزەکانی سوپای تورکیا بوونەتەوە و 24 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی تورکیا و لە ئەنجامدا 25 سەرباز کوژران و نۆ سەربازی دیکەش برینداربوون.
 
تائێستا وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 756 گەریلا و کوژرانی 110 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی سێ هەزار و 57 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 388 گەریلای راگەیاندووە.