حکومەت ئەنجامی کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق تاوتوێ دەکات


رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکرێت. هەر لە کۆبوونەوەکەدا "میوانداری" دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی ئۆکتۆبەری 2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بەڕێوەدەبات.
 
لە کۆبوونەوەکەدا دوو بابەت تاوتوێ دەکرێن، بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو بنەمایانەی کە لە کۆبوونەوەکەدا پەسند کران و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنیان دەخرێنەڕوو.
 
لەبارەی تەوەری دووەمەوە، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "تایبەت دەبێت بە میوانداریکردنی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی خستنەڕووی دوا دەرەنجامی پرۆسەی وردبینیی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە داهات و خەرجییەکان و میلاکی گشتی لە هەرێمی کوردستان".