ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان: خەڵک تاقەتی کۆبوونەوەی حیزبەکانی نەماوە


رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، ئەوان لە میدیاکانەوە راگەیێندراوی کۆبوونەوەی بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستانیان بینیوە و هیچ شتێکی نوێی تێدا نەبوو. دەشڵێت، "خەڵک تاقەتی کۆبوونەوەی حیزبەکانی نەماوە".
 
رۆژی سێشەممە، 24ـی ئۆکتۆبەری 2023، شاندی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکایەتیی عومەر سەید عەلی لە پیرمام لەگەڵ شاندی دەستەی کارگێڕیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی کۆبوونەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی هاوبەش "جەخت لە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی هەردوولا کرایەوە بە تایبەتی پاڵپشتیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەنگاوەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەپێناو دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و شایستە داراییەکان، لەنێوانیاندا مووچەی مووچەخۆران و باشترکردنی بژێویی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی کوردستان." 
 
ستەم کامیل، رێکخەری ژووری توێژینەوەی سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی ئەو حیزبە لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "ئەوان لە میدیاکانەوە راگەیێندراوی کۆبوونەوەی بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستانیان بینیوە و هیچ شتێکی نوێی تێدا نەبوو، خەڵک تاقەتی کۆبوونەوەی حیزبەکانی نەماوە". لەبارەی دۆخی نێوخۆیی بزووتنەوەکەشیان، رێکخەری ژووری توێژینەوەی سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی: "دابەشبوونی سیاسیی لە نێوخۆی بزووتنەوەی گۆڕاندا نییە و پرۆسەی ئاشتەوایی ناڕازییەکانی گۆڕان بەرەوپێشچوونی باشی بڕیوە".
 
ستەم کامیل باس لەوەش دەکات کە بزووتنەوەکەیان لەگەڵ سەرکردە ناڕازییەکاندا لە گفتوگۆدان بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی کارکردن و ئەنجامدانی کۆنفرانسی نیشتمانی و گوتی: "ئێستا لەگەڵ عوسمان حاجی مەحموود و عەلی حەمەساڵح و چەند کەسایەتییەکی دیکەی ناڕازی لە گفتوگۆدان و لە هەوڵدان بگەنە شێوازێکی هاوبەشی کارکردن و ئەنجامدانی کۆنفرانسی نیشتمانی".
 
رۆژی شەممە، 21/10/2023، جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی خۆیان بڵاوکردەوە و لە بەشێکیدا ئاماژەی بەوەدابوو کە کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بە کراوەیی هێڵرایەوە بۆ تەواوکردنی ئەرکە رێکخراوەییەکان و بەستنی کۆنفرانسی نیشتیمانی لە ئەمساڵدا و بەیەکەوە کارکردن بەمەبەستی بەخۆداچونەوەی گوتاری سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕان.