لە بانە کۆڵبەرێک کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندار کرا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە سنووری بانە کۆڵبەرێک کوژرا و کۆڵبەرێکی دیکەش بریندار کرا.
 
شەوی رابردوو هێزەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانە تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کرد، لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بەناوی ئیبراهیم پیرانزاد گیانی لەدەستدا.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، گولـلە بەر دڵی ئەو کۆڵبەرە کەوتووە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە، کۆڵبەرێکی دیکەش بەناوی شاهۆ بریندار بووە و بۆ نەخۆشخانە گوێزراوەتەوە.
 
بەپێی یاسای بەکارهێنانی چەک لە ئێران، هێزەکانی ئەو وڵاتە دەبێ پێش تەقەکردن، سێ جار داوای وەستان و خۆبەدەستەوەدان بکەن و دواتر لە ئەگەری سەرپێچیکردنی کەسەکە، لە کەمەرەوە بۆ خوارەوە تەقەی لێ بکەن.
 
لە یەک مانگی رابردوودا لانیکەم چوار کۆڵبەر لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستداوە.