نێچیرڤان بارزانی: ئێمە ئەم هەڵبژاردنە ناو دەنێین قۆناخی جێبەجێکردنی دەستوور

رووداو دیجیتاڵ 

نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی جێبەجێنەکردنی دەستوور بە هۆکاری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دادەنێ و دەڵێ: "دەستوور جێبەجێناکرێت، بۆیە کێشەی مووچەمان هەیە".
 
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی لە گوتارێکی دا لە بانگەشەی حیزبەکەی لە شێخان پێشکێشکرد و باسی پێکەوەژیانی خەڵکی شێخانی کرد و دەڵێ: "ئەو شتەی ئەمڕۆ خۆشحاڵتری کردم و پێ دڵخۆشم بووم، ئەو دیمەنە جوانەیە، مامۆستایی ئایینیی موسڵمان، مەسیحی و ئێزدی پێکەوە لێرەن، ئەوە دیمەنێکی زۆر جوانی کوردستانە و پێویستە هەتا هەتا بمێنێت، ئەو دیمەنە دۆستانمان دڵخۆش و ناحەزانیشمان عاجز دەکات.''
 
نێچیرڤان بارزانی چەند جارێک لە بانگەشەی حیزبەکەی داوای یەک ملیۆن دەنگی لە لایەنگران و ئەندامانی حیزبەکەی و خەڵکی کوردستان کردووە، ئەمجارە لە شێخان بە لایەنگر و ئەندامانی پارتی راگەیاند: "لەبەر ئەو گەرموگوڕییەی ئێوە من کەمیشم گوتووە کە دەڵێم ملیۆنێک دەنگمان دەوێ، ورەی منتان بەرزتر کردەوە بۆ ئەوەی داوای زیاتر لە ملیۆنێك دەنگ بکەین".
 
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: "بۆ ئەوەی پارتی لە بەغدا باشتر و بەهێزتر بەرگری لە کوردستان بکات، بەڵێنمان ئەوەیە رۆژی 11ـی 11 هەموومان بچینە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بدەینە لیستی 275ـی پارتی کە لیستی کوردستانێکی بەهێز و پێشکەوتووە." 
 
بەرگریی خەڵکی شێخان لە کوردستان؛' لەو ناوچەیەوە ئەفسانەی داعش تێکشکێنرا'
 
نێچیرڤان بارزانی لە گوتارەکەیدا ستایشی رۆڵی خەڵکی شێخانی کرد و رایگەیاند: "ئەو سنوورە واری پارتییە، واری کۆمەڵێک قارەمان و شەهیدە کە بەهۆی ئەوانەوە ئەمڕۆ ئێمە لێرەین، پێشمەرگەی دەڤەری شێخان، بە موسڵمان و مەسیحی و ئێزدی پێکەوە خەباتیان کرد بۆ دۆزی میللەتەکەیان، خەڵکی ئەو دەڤەرە هەموویان تووشی ئەنفال و وێرانکردنی گوندەکانیان بوون."
 
لەبارەی رۆڵی خەڵکی ناوچەکە، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: "پێش چەند ساڵێک پارتی بە تێکۆشەر و خەباتکاری ئەو دەڤەرە و کوردستان بە گشتی، رێی  لە داعش گرت، خەڵکی ئەو ناوچەیە نەیانهێشت داعش بێتە پێش، ئەفسانەی داعش تێکشکێنرا.'' 
 
جێگری سەرۆکی پارتی دەڵێ: "پارتی گەرەنتی پاراستنی کوردستان، گەرەنتی پێکەوەژیانە و ئاوەدانکردنەوەی کوردستانە"  
 
نێچیرڤان بارزانی: قۆناخی گۆڕینی یاساکان و جێبەجێکردنی دەستوورە 
 
جێگری سەرۆکی پارتی ئامانجی حیزبەکەی لە خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق روونکردەوە و رایگەیاند: "ئامانجمان لە بەغدا و چوونمان بۆ بەغدا بۆ ئەوەیە فیدراڵییەت و دەستووری عێراق جێبەجێ بکرێت، گرنگە دەستوور جێبەجێ بکرێت، چونکە جێبەجێنەکردنی کارەساتی زۆر گەورەی بەسەر عێراقدا هێناوە.''
 
نێچیرڤان بارزانی هەروەها بە ئامادەبووانی بانگەشەی پارتی راگەیاند: "ئەو هەڵبژاردنە، قۆناخی جێبەجێکردنی دەستووری عێراقە.''
 
رەخنەشی لە مامەڵەی بەغدا گرت لەگەڵ هەرێمی کوردستان و دەڵێ :"ئەو سیستەمەی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەکاریدێنێت تەواو مەرکەزییە".
 
جێگری سەرۆکی پارتی دەڵێ: "دەستوور جێبەجێناکرێت، بۆیە کێشەی مووچەمان هەیە، بۆیە کێشەی مادەی 140 و شایستەی پێشمەرگە و پڕچەککردنی پێشمەرگەمان هەیە.'' 
 
نێچیرڤان بارزانی هەروەها دەڵێ: "مەسەلەی مووچە مافی هەموو خەڵکە، ئەولەویەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسەلەی مووچەیە، جارێکی دیکە لە دڵەوە سوپاسی گەلی کوردستان دەکەم، سەرەڕای گوشار و ئاستەنگەکان، میللەتی ئێمە بۆ دۆست و دووژمنانی سەلماند، پشت و پەنای کوردستانن و لەگەڵ حیزبی خۆشیان دەمێننەوە و سەرفرازی دەکەن."
 
نێچیرڤان بارزانی باسی ئەرکی نوێنەران و پەرلەمانتارانی پارتی دەکات لە خولی نوێی پەرلەمان و دەڵێ: "پەرلەمانتارانمان ئەمجارە ئەرکیان قورسە، ئەرکیان پیرۆز و گرانە، ئەرکیان وەرگێڕانی دەستوورە بۆ کردار، رێگەی گۆڕینی یاساکانی عێراق لە مەرکەزییەتەوە بۆ فیدراڵیی.''
 
ئەو باسی ئاستەنگی بەرەوپێشچوونی عێراق دەکات ودەڵێ :"مانەوەی یاساکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش، ئاستەنگن بۆ پێشڤەچوونی عێراق."
 
هەر لەبارەی دەستوور جێگری سەرۆکی پارتی دەڵێ :" مەسەلەی دەستوور و جێبەجێنەکردنی نەک تەنیا زیانی بە هەرێمی کوردستان گەیاندووە بەڵکو بۆ ناوچەی دیکەش بە هەمان شێوەیە، ئەو دەردەسەرییەی ناوچەی دیکە و پارێزگای دیکە بەهۆی جێبەجێنەکردنی دەستوور هەیانە کەمتر نییە لەو دەردەسەرییەی هەرێمی کوردستان بەهۆی جێبەجێنەکردنی دەستوور دەیبینێت بۆیە جێبەجێکردنی دەستوور بۆ هەموو عێراق و هەموو پێکهاتەکانە ، ئەگەر پارتی لە بەغدا بەهێز بێ  بێگومان دەستووریش جێبەجێ دەکرێت.''
 
نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند: "ئەو هەڤاڵانەی دەچنە بەغدا، ئەرکیان زۆر قورسترە لە جاران، چونکە بەرگری لە دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، برایەتی نێوان پێکهاتەکانی عێراق پێکەوەژیانیان قووڵتر دەکەنەوە."
 
'خەڵکی ئێزدی زەویان بۆ دروستکردنی مزگەوت بەخشیوە'
 
نێچیرڤان بارزانی بەشێکی گوتارەکەی تەرخانکرد بۆ پێکەوەژیانی پێکهاتەکان لە شێخان و نموونەش دێنێتەوە بۆ ئەو پێكەوەژیانە و دەڵێ: "خەڵكی ئێزدی زەوی خۆیان بەخشیوە بۆ دروستکردنی مزگەوت".
 
راشیگەیاند: "رژێمی لەنێوچوو گەلێک هەوڵی دا پێکەوەژیان تێکبدات، بەڵام قەت نەیتوانی".
 
رووی لە ئامادەبووان و لایەنگرانی پارتی کرد و گوتی: "ئێوە پارتی دەرەجە یەکن بە هەموو هێزتانەوە پێکەوەژیانی ئەو ناوچەیە بپارێزن". 
 
جێگری سەرۆکی پارتی لەبارەی ئامانجی حیزبەکەی بۆ پێكەوەژیان دەڵێ: "پارتی بەردەوام هەوڵیداوە نوێنەرایەتی راستەقینەی هەموو پێکهاتەکان بێ، مێژووی پارتی دیارە، بەردەوام بێ جیاوازی حیزبی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان بووە، پارتی ئەو حیزبەیە جێگەی هەمووانی تێدا کراوەتەوە "
 
دەشڵێ: "بۆ ئەوەی مافی هەمووان پارێزراو بێ، جیاوازی نەبێ، دەبێ پێکەوە کاربکەین ماندوو بین بۆ ئەوەی پارتی سەرکەوێت، لیستی 275 سەربکەوێت بە پشتیوانی و هەوڵی ئێوە ئینشاڵڵا " 
لەبارەی کار و پڕۆژەکانیش بۆ شێخان، جێگری سەرۆکی پارتی دەڵێ :" زۆر زیاتر ماوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شێخان ، چاوەڕوانین ئێزدی کاروان کاروان لە ئەورووپا و وڵاتان،ئێزدییەکان بێنە سەردانی لالش و شێخان، ببێتە وارگەیەکی گرنگی گەشتیاری ئایینی، ئەو دەڤەرە ببێتە بازرگانی و کەرتی تایبەت تێیدا چالاک بێ، ئەوە بەرنامەی حکومەتە و ئینشاڵڵا جێبەجێ دەکرێت ." 
 
جەختیشی لەوەکردەوە: "پارتی حیزبی کردارە و حیزبی ئاوەدانکردنەوەی کوردستانە".
 
داوای لە لایەنگرانی حیزبەکەشی کرد، "یەک دەنگیش بەفیڕۆ نەدەن" و دەڵێ :"یەک دەنگیش بۆ ئێمە زۆرە، رۆژی دەنگدان دەبێ پێکەوە بچینە سەر سندووقەکانی دەنگدان، پارتی هێندە دڵنیایە لە جەماوەرەکەی، دڵنیاییە دەباتەوە، هەندێک جار سستی دروست دەبێ، هیواخوازم ئەو هەڵبژاردنە ئەو سستییە نەبێ، پێویستە دەرفەت نەدەین یەک دەنگیش بە فیڕۆ بڕوات و کەمببێتەوە"
 
باسی هەوڵەکانی حیزبەکەشی دەکات بۆ مەسیحییەکان و دەڵێ: "هەموو هەوڵمان بۆ ئەوەیە مەسیحی کۆچ نەکات، لەسەر خاکی کوردستان بمێننەوە، بەرەو دەرەوە نەچن و لەو خاکە بمێننەوە  "چونکە وەکو ئەو دەڵێ: "پارتی گەورەترین پشتیوانی مەسیحییەکانە، هەر وەکو پشتیوانێکی گەورەی مەسیحییەکانیش دەمێنێتەوە، هەرچی بۆ مەسیحییەکان بکرێت وەکو پێکهاتەیەکی رەسەنی ئەو وڵاتە کەمە."
 
جێگری سەرۆکی پارتی لەبەردەم هەموو بەربژێرانی پارتەکەی لەو سنوورە رووی لە دەنگدەران و لایەنگرانی پارتی کرد و رایگەیاند: "یەک ملیۆن دەنگ و زیاتر ئینشائەڵڵا".

 

دەقی گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی:
 
ئامادەبووانی بەڕێز،
جەنابی میر،
ئامادەبووانی هێژا،
ئێوارە باش،
هەمووتان زۆر بە خێر هاتن،
خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ پێکەوە کۆبووینەتەوە.
 
زۆر سوپاسی دڵسۆزی و ماندووبوونی هەمووتان دەکەم، ئێوە هەمووتان لە هەر شوێنێکەوە هاتبێتن، بەخێر بێن سەر چاوان و سەر سەرا.
ئەو شتەی کە ئەمڕۆ زیاتر من خۆشحاڵ دەکات و من دڵخۆش دەبم، ئەوەیە کە جێگەی خۆشحاڵییە، ئەم دیمەنە جوانەیە کە ئێمە دەبینین مامۆستایانی ئایینی موسڵمان، مەسیحی و ئێزدی پێکەوە لێرە دانیشتوونە. ئەمە دیمەنێکی زۆر جوانی کوردستانە و ڕەنگدانەوەی ئەوەی هەتا هەتایە پێویستە لەم وڵاتەدا بمێنێت. ئەمە ئەو دیمەنەیە کە دۆستانی ئێمە دڵخۆش دەکات.
 
هاوڕێیان،
 
ئێوە خەڵکی ناوچەیەکن زۆر تایبەتی و گرنگی خۆی هەیە بۆ کوردستان. کاک سەربەست باسی هەندێک لەو شتانە دێرینانەی کرد، بەڵام لە شۆڕشدا من بڵێم، بە شایەتی سەدان کەس، سەدان داستان و قەهرەمانی پێشمەرگە لەم ناوچەیە تۆمار کراوە. لە شێخان، باعەدرێ، زێلکان، کەڵەکچی، قەسرۆک و ئەتروش، ئەم سنوورە هەمووی، وڵاتی پارتییە، وڵاتی زۆر قەهرەمان و شەهیدە کە لە سایەی ئەوان ئێمە ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە.
 
هاوڕێیان،
 
لە بیری هەموومانە، لیژنەی ناوچەی شێخان لە کاتی خۆیدا و لە شۆڕشدا یەکێک لە چالاکترین ناوچەکانی پارتی بوو. لە بیرمانە، چالاکییەکانی پێشمەرگەی لیژنەی ناوچەی شێخان زۆر بوون و قەهرەمانی پێشمەرگەی ناوچەی شێخان هیچ جارێک لە بیر و هزری ئێمە دەرناچێت. پێشمەرگەی ناوچەی شێخان، بە ئێزدییەوە، بە موسڵمانەوە، بە مەسیحییەوە هەمویان خەباتیان کرد بۆ دۆزی گەلەکەی خۆیان.
 
پێکەوە ئەم هەمووانە هەندێک لە گەورەترین داستانەکانی شۆڕشیان تۆمار کرد. خەڵکی قەهرەمانی ئەم ناوچەیە چ ئێزدی، چ موسڵمان، چ مەسیحی، ئەنفال و وێرانکردنی گوندەکانیان بینیوە و پێش چەند ساڵێکیش پارتی بە تێکۆشەر و خەباتکارانی خۆی کە خەڵکی کوردستانن و خەڵکی ئەم ناوچەیەن بە تایبەتی، ڕێی لە داعش گرت و نەیهێشت داعش بێنە پێش و ئەفسانەی داعشی قەهرەمانەکانی ئێمە لە کوردستان و بە تایبەتیش چونکە لە ئێوە نزیک بوون لەم ناوچەیە، ئێوە شکاندنتان و پەرت و بڵاوتان کردن.
ئێوە دروشمێکتان گوت، ئێوە باسی چەند دەنگتان کرد بێ زەحمەت؟ چەند بوون؟ یەک ملیۆن.
 
هاوڕێیان،
 
خەڵکی ئەم ناوچەیە زۆر باش دەزانن کە پارتی و قەهرەمانەکانی پارتی چۆن بەرگرییان لەم ناوچەیە و کوردستان کرد، ئەمڕۆش کە ئێمە لێرە دانیشتووینە، ئێمە هەندێک لەو قەهرەمانانە لە پێش چاوی خۆمان دەبینین کە هەردەم بۆ ئێمە جێگەی فەخر و شانازیین و ئەمڕۆ ئێمە باڵای خۆمان دەچەمێنین بۆ خوێنی شەهیدانی ئێمە، بۆ قەهرەمانی پێشمەرگەکانی ئێمە لەم ناوچەیە.
 
هاوڕێیان،
 
ئێوە بە خوێنی خۆتان و قەهرەمانی خۆتان، داستانێکی مەزن لەم ناوچەیە تۆمار کرد، سبەینێش جارێکی تر با پارتی بچێت و باشتر و بەهێزتر بەرگری لە مافی کوردستان بکات، بەڵێنی هەموومان چییە؟ بەڵێنی ئێمە ئەوەیە کە ڕۆژی 11/11 پێکەوە ئێمە هەموو بچینە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆمان بدەینە لیستی 275ی پارتی دیموکراتی کوردستان، لیستی کوردستانێکی بەهێز و پێشکەوتوو. با شتێکتان پێبڵێم، گەرم و کوڕیی ئێوە ئەوەندە زۆرە، کاتێک من باسی یەک ملیۆن دەنگم کرد، دەڵێی من کەمم گوتووە!
 
هاوڕێیان،
 
با ئێمە پرسیارێک بکەین، بۆچی پێویستە پارتی لە بەغدا بێت بەهێز بێت؟ هۆکار چییە؟ ئەمە پرسیارێکە بەڕاستی پێویستە ئێمە وەڵامی ئەوەمان هەبێت، بۆ؟ چونکە بەهێزبوونی پارتی لە بەغدا، بەهێزبوونی کوردستانە، گەرەنتی پاراستنی کوردستان پارتییە، لەبەر ئەوە پێویستە بە هێزەوە بچێتە بەغدا. پارتی گەرەنتی پێکەوەژیانە، پارتی گەرەنتی ئاوەدانکردنەوەی کوردستانە، پارتی گەرەنتی ئەو ماندووبوونەیە کە پێشمەرگە و خەباتکارانی ئێمە کاریان لەسەر کردووە و سەریان لەسەر داناوە، لەبەر ئەوە پێویستە پارتی بەم پێکەوەژیانە بەهێزەوە لە بەغدا بێت.
 
ئامانجی ئێمە لە بەغدا چییە؟
بۆ ئێمە بچینە بەغدا؟
بۆ پێویستە خزمەتکارانی ئێمە بچنە بەغدا؟
 
پێویستە بچینە بەغدا، چونکە ئێمە یەک ئامانجمان هەیە، ئامانجی ئێمە جێبەجێکردنی فیدراڵییەت و دەستووری عێراقە.
بۆ گرنگە دەستوور جێبەجێ بکرێت؟ چونکە 20 ساڵە خۆدزینەوە و جێبەجێنەکردنی دەستوور لەم وڵاتە کارەساتی گەورەی بۆ عێراق دروست کردووە. عێراق پاش بیست و دوو ساڵ و هەتا ئێستاش، قۆناغی زۆر ناخۆشی بینیوە. ئەمڕۆ ئەم هەڵبژاردنە کە بە باوەڕی من یەکێکە لە گرنگترین هەڵبژاردنەکان کە لە عێراق کراوە، ناوی دەکەینە قۆناغی جێبەجێکردنی دەستووری عێراق، ئەو دەستوورەی کە دەبێت وەک خۆی جێبەجێ بکرێت. ئەم سیستەمەی کە ئەمڕۆ عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەکاری دەهێنێت، سیستەمێکی تەواو ناوەندییە.

 

هاوڕێیان،
 
ئێمە بۆچی کێشەی مووچەمان لەگەڵ بەغدا هەیە؟ بۆ ئێمە کێشەی ماددەی 140مان هەیە لەگەڵ بەغدا؟ بۆ ئێمە کێشەی پێشمەرگە و شایستە دارایی و پڕچەککردنی پێشمەرگەمان هەیە لەگەڵ بەغدا؟ یەک هۆکار هەیە، ئەویش ئەوەیە کە دەستوور جێبەجێ ناکرێت. پرسی مووچە مافێکی هەمووتانە، وەک هەموو مووچەخۆرانی عێراق، پێویستە دابین بکرێت. من بڵێم ئێوە ئاگادارن کە کاری پێشینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەرکردنی پرسی مووچەیە. من حەز دەکەم بڵێمە ئێوە ئەمە یەکەمین ئەولەوییەت و بابەتە دێتە چارەسەر کردن.
 
لە جێی خۆیدایە من جارێکی تر لە دڵەوە و زۆر بە دڵ، سوپاسێکی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەم. سەرەڕای ئەو گوشارانە، سەرەڕای ئەو ئاستەنگانە و سەرەڕای ئەو ناخۆشییانە، جارێکی تر ئەم میللەتە بۆ دۆست و دوژمنان سەلماندی کە لەگەڵ کوردستان دەمێنن و لەگەڵ پارتی دەمێنن، حیزبەکەی خۆیان سەرفراز دەکەن.
 
من وشەیەکم نییە من بتوانم سوپاسیان پێ بکەم. لە هەمان کاتدا من دەمەوێت بڵێم: هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان و کاری پێشینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرسی ژیان و بژێوی ڕۆژانەی ئێوەیە و بە یارمەتی خودا ئەم کێشەیە چارەسەر دەبێت و پێکەوە جارێکی تر کوردستان لەم قۆناغە دەبەینە قۆناغێکی تر گەشتر و ئاوەدانتر.
 
هاوڕێیان،
 
ئێوە ڕۆحییاتی منتان بەرزتر کردەوە بۆ بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر. ئێوە کارێکتان وا کرد من بە یەک ملیۆن دەنگ ڕازی نەبم و داوای زیاتر بکەم. ئیتر کەیفی ئێوەیە!
 
هاوڕێیان،
 
کێ ئەو ئیرادەی هەیە کە بەهێز بەرگری لە هەرێمی کوردستان بکات؟ پارتی دیموکراتی کوردستانە کە دەتوانێت ئەم کارە بکات. من باوەر دەکەم پەرلەمانتارانی ئێمە ئەم جارە ئەرکیان گرانە. ئەرکیان گرانە و ئەرکێکی پیرۆزیان هەیە، ئەویش وەرگێڕانی دەستوورە بۆ کردار بە ڕێگای گۆڕینی یاساکانی عێراقی لە ناوەندییەتەوە بۆ فیدراڵی. گۆڕینی یاساکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش ئەوانەی کە بە ڕاستی ئاستەنگن لە بەرامبەر پێشڤەچوونی عێراق.
 
هاوڕێیان،
 
پرسی فیدراڵییەت تەنها بۆ هەرێمی کوردستان نییە، جێبەجێنەکردنی دەستوور تەنها زیانی نەگەیاندووە بە هەرێمی کوردستان، باوەڕی ئێوە هەبێت، ئەو ناخۆشییانەی نەینەوا هەیەتی، ئەو ناخۆشییانەی بەسرا هەیەتی، ئەو ناخۆشییانەی پارێزگاکانی تری عێراقی هەیەتی، کەمتر نییە لەو ناخۆشییانەی کە ئێمە هەیەتی. لەبەر ئەوە کاتێک ئێمە باسی جێبەجێکردنی دەستوور دەکەین، ئێمە تەنها بۆ هەرێمی کوردستان نییە، ئێمە جێبەجێکردنی دەستوور بۆ هەموو عێراق و هەموو پێکهاتەکانی عێراق دەوێت.
ئەگەر پارتەکەی ئێوە کە خزمەتکارە بەهێز بێت لە بەغدا، بێگومان دەستووریش جێبەجێ دەکرێت. ئەمڕۆ چی پێویستە بۆ ئەوەی ئێمە ئەم کارە ئەنجام بدەین. من حەز دەکەم بڵێمە ئێوە، ئەو خۆڕاگرییەی ئێوە کردتان ڕۆژێک کە داعش هات، تەنها پێشمەرگە نەبوو. من دەزانم خۆبەخشانی ئەم ناوچەیە چ ڕۆڵێکی مەزنیان هەبوو. خۆبەخش چوونە سەنگەری یەکەم بۆ پشتیوانیکردن و پاراستنی هەرێمی کوردستان. نە پێشمەرگە بوون و نە پێویست بوو بچن، خۆبەخش بوون. ئەو هاوڕێیانەی کە ئەمڕۆ ئێمە لێرە بۆ بەغدا دەنێرین، ئەرکیان زۆر سەختتر و گەورەترە لەو خۆبەخشانە.
 
چونکە چی دەکەن؟ بەرگری لە دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن. بە یارمەتی خودا برایەتی نێوان پێکهاتەکانی عێراقی بە عەرەب و کورد و مەسیحی و ئێزدی و ئەم هەمووانە بە چوونەی خۆیان بۆ بەغدا، قووڵتر دەکەن. من باوەر دەکەم ئەو گەرمییەی من لە ئێوەم بینی، ئێوە دەتوانن ئەمە بەدەست بهێنن. ڕۆژی هەڵبژاردن 11/11 بەڵێن و پەیمانەکانی ئێمە بۆ پشتگیری هەرێمی کوردستان و پێکەوەژیانی ئەم سنوورە، پێکەوە ئێمە هەموو بچینە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆمان بدەینە پارتی دیموکراتی کوردستان.
 
هاوڕێیان،
 
ئێوە خەڵکی خۆشەویستی ئەم ناوچەیەن. ئێوە خەڵکی ناوچەیەکەن کە نموونەی پێکەوەژیانی کولتووری ئاشتییانە بەرچاو دەکەن. شێخان ناوچەیەکی پێکەوەژیانە. لەم ناوچەیە ئێزدییەکان جێگەیان داوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی مزگەوتەکان. خەڵکی ئێزدی زەوییەکانی خۆیان داوە بۆ دروستکردنی مزگەوتەکان. لالشی نورانی کە پیرۆزترین پەرستگەی ئێزدییەکانە، لەم ناوچەیە. لەم ناوچەیە جەژن و ئاهەنگ و شایی ئێزدییەکان و موسڵمانەکان و مەسیحییەکان، پێکەوە ئەنجام دەدرێن.
 
ئەم نموونە گەورەی پێکەوەژیانە، تابلۆیەکەی نەخشێندراوە لە مێژووی گەلەکەماندا و هیچ کاتێک لە بیر ناکرێت. ڕژێمی لەناوچوو زۆر هەوڵی دا ئەم پێکەوەژیانە تێک بدات، بەڵام هیچ نەیویست. پێکەوەژیان و برایەتی، بنچینەی بیر و ڕێبازی شێخەکانی بارزان بووە. بنچینەی بیری شێخەکانی بارزان، پرسی پێکەوەژیان بووە. پێکەوەژیانی نەتەوە و ئایینەکان لە یەک وڵاتدا. ئەمە بوو ڕێبازی شێخەکانی بارزان. ئەمە ئەو ڕێبازەیە کە ئێمە لەسەر دەچین، پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو نەتەوەکان پێکەوە لە وڵاتێکدا.
ئەم باوەرە بنچینەیەکی سەرەکییە لە بیری پارتیدا، پارتی وەک حیزب لەسەر ئەم ڕێچکەیە دەچێت. لەبەر ئەوە لەبەر پێکەوەژیانی ئێوەی بەهێز، ئێوە خەڵکی ناوچەی شێخان، خەڵکی ئەم سنوورە، من دەڵێم لەبەر ئەم پێکەوەژیانە، ئێوە پارتی ژمارە یەکن.
ئەم کولتوورەی ئێوە جێگەی شانازی پارتییە. هەبوون و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ئێزدییەکان، مەسیحییەکان لە هەر شوێنێک، وێنەیەکی زۆر جوانی کۆمەڵگای کوردستانە. چەند جوانە کە لە شوێنێک وەک ئەم ناوچەیە، مزگەوت، دێر، لالش و جێگە پیرۆزەکانی ئێزدییەکان، هەموویان پێکەوە دەبینین. ئەمە وێنەیەکە، ئەمە کولتوورێکە کە جیهانی دەرەوە ڕێزێکی تایبەتی هەیە بۆ کوردستان و ئەم کولتوورەی کە لەم ناوچەیە هەیە. ئەمە دەوڵەمەندییەکی گەورەیە، هێزە بۆ کوردستان، هێزە بۆ وڵاتەکەمان، هێزە بۆ پارتی. قسەی من ئەوەیە بۆ ئێوە: بە هەموو هێزی خۆتان، ئەم پێکەوەژیانە بپارێزن لێرە.
 
پارتی بەردەوام هەوڵی داوە و کار و کردووە بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی ڕاستی هەموو کوردستان بکات، کە نوێنەری هەموو پێکهاتەکان لە دەزگا سیاسی و ئیدارییەکان لە کوردستان و عێراق هەبن، مێژووی پارتیش دیارە کە بەردەوام و بێ جیاوازی حیزبی هەموو ئایین و نەتەوەکانی کوردستان بووە. هەر لە ڕۆژی دامەزراندنەوە و هەتا ئەمڕۆ، پارتی حیزبێک بووە کە جێگەی هەموو کەسێک تێیدا کراوەتەوە و ئەمە لە لاپەڕەیەکی زێڕینی مێژوودا دێتە نووسین.
 
لە هەموو ئایین و نەتەوە جیاوازەکانی کوردستان، قەهرەمان و سەرکردە لەناو پارتیدا هەن و هەبووینە. قەهرەمانی ئەم ناوچەیە، مەحموود ئێزدی ناوێکی دیار و نموونەیەکی ئەم چەندەیە. بۆ ئەوەی ئەم پێکەوەژیانەش مسۆگەر بێت و مافی هەمووانیش بپارێزرێت و جیاوازی دروست نەبێت، بۆ ئەوەی ئەم کولتوورە لە هەموو ناوچەکانی تریش جێگیر بکەین، دەبێت ئێمە پێکەوە کار بکەین، هەوڵ بدەین و ماندوو ببین بۆ ئەوەی پارتی سەرکەوێت، بۆ ئەوەی لیستی 275ی پارتی سەرکەوێت و بە یارمەتی خودا و بە پشتگیری ئێوە، سەرکەوێت.
 
خوشک و برایانی هێژا،
 
لەگەڵ هەموو خزمەتێک کە کراوەیش، بەرنامەی ئێمە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچەی شێخان، بەشێکی کەم جێبەجێ کراوە. زۆر زیاتر ماوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەی شێخان. ئێمە چاوەڕێین ئێزدییەکان کاروان بە کاروان لە ئەوروپا و وڵاتانی تر بێنە سەردانی لالش و شێخان ببێتە ناوەندێکی گرنگ و گەشتیاری ئایینی لەم ناوچەیە، ئێمە چاوەڕێی ئەمەین. ئەم ناوچەیە ناوچەیەکی گرنگە کە نەینەوا و بادینانیش پێکەوە دەبەستێتەوە. ئێمە دەمانەوێت ببێتە ناوچەیەکی بازرگانی و کەرتی تایبەت تێیدا چالاک بێت. ئەمە بەرنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و بە یارمەتی خودا جێبەجێ دەکرێت.
 
ئەگەر ئێمە ئەم ناوچەیە بکەینە نموونە چی دەبینین؟ خۆشگوزەرانی زیاتری خەڵکی دەبینین، ئاوەدانی زیاتر دەبینین، لەبەر ئەوە ئێمە چی دەڵێین؟ ئێمە دەڵێین پارتی حیزبی کردارە، پارتی حیزبی ئاوەدانی کوردستانە. سنووری ئێوە سنوورێکی گرنگە، چونکە ژمارەیەکی گەورە لە دەنگدەرانی بازنەی نەینەواش لێرە کۆبوونەتەوە. لەبەر ئەوە یەک دەنگیش بۆ ئێمە زۆرە. ڕۆژی دەنگدان پێویستە ئێمە هەموو پێکەوە بەرەو سندوقەکانی دەنگدان بچین.
 
پارتی ئەوەندە پشتڕاستە بە جەماوەرەکەی خۆی، ئەوەندە پشتڕاستە کە سەرکەوێت، هەندێک جار بە ڕاستی سستی دروست دەبن. هیوادارم لەم هەڵبژاردنانەدا ئەو سستییە دروست نەبێت، حسابی ئەوە بکەن هەر دەنگێک بۆ ئێمە گرنگە بۆ هەڵبژاردنی کوردستان و پێویستە ئێمە یەک دەنگیش حساب بکەین و دەرفەت نەدەین بە یارمەتی خودا یەک دەنگیش کەم بێت.
 
مەسیحییەکان بەشێکی گرنگن لە مێژووی ئەم وڵاتەدا، هەموو هەوڵەکانی ئێمە بۆ ئەوەن کە مەسیحییەکان کۆچ نەکەن و لەسەر خاکی خۆیان بمێنن. لەسەر خاکی کوردستان بمێنن، خاکی پێکەوەژیانی هەموو نەتەوەکان، بەرەو دەرەوەی وڵات نەچن و لەم وڵاتە بمێنن. خەباتی پارتی بۆ پاراستنی مەسیحییەکان و مافەکانیان لە مێژووی پارتیدا دیارە، پشتگیری مەسیحییەکانیش لە مێژووی پارتیدا بۆ پارتی جێگەی سەربەرزی و سەرفرازییە.
 
پارتی گەورەترین پشتگیری مەسیحییەکانە و هەر دەم گەورەترین پشتگیری مەسیحییەکان دەمێنێت لە کوردستان و لە عێراقدا. مەسیحییەکان لە شۆڕشدا لەناو پارتیدا پێشمەرگە بوونە، لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفالدا ئەگەر ئێمە سەیری بکەین چەندین خێزانی مەسیحی لە ناوچەی بارزان و لە بەهدیانش لەگەڵ خێزانە کوردەکان ئەنفال بوونە و گوندەکانیشیان وێران کراون. هەرچییەک بۆ مەسیحییەکان بکەین وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەنی وڵاتەکەمان، کەمە. دیسان جێگەی سەربەرزی و سەرفرازییە کە ئێمە بڵێین پشتگیری یەکەم و مەسیحییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستانە و هەر دەم دەمێنێت پشتگیریان.
 
هاوڕێیان،
 
لە پارێزگاکانی عێراق کاتێک سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، کاتێک ئەم پێشکەوتنە دەبینن، خزمەتگوزارییەکان دەبینن، پێی دڵخۆشن. بێگومان میللەتەکەمان بە ڕاستی شایستەی پێشکەوتنێکی زیاتر و خزمەتگوزارییەکی زیاترە لەوەی کە هەیە، بەڵام ئەو دەستکەوتانەی کە لە هەرێمی کوردستان بەدەست هاتوون، کەم نین.
 
خزمەتکارانی ئێوە کە پارتین و ئێوە باوەڕتان پێیان بەخشیوە، ئەم کاروانی ئاوەدانکردنەوەیان دەست پێکردووە و ئێستاش حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی توانا و بەردەوامە. هیواخوازم پاش ئەم دەنگدانانە و پاش ئەم هەڵبژاردنانە، بە گوڕوتینێکی زیاتر پرسی ئاوەدانیش بکەوێتە ناو پڕۆگرامی حکومەتەوە و زیاتر ببێت.
 
من سەری ئێوەم زۆر ئێشاند، ببوورن، بەڵام ئێمە یەک قسە و بەڵێنمان هەیە، بەڵێنی ئێمە ئەوەیە کە ڕۆژی 11/11 گەلی گەنج، گەلی کوردستان و خەڵکی ناوچەی شێخان، مەسیحی، ئێزدی، موسڵمان، هەموو پێکەوە ڕۆژی 11ی مانگ پەیمانی ئێمە و پەیمانی ئێوە، بێگومان پاش ئەوەی کە من ئێوەم بینین ئەو چاوەڕوانییەی من بۆ یەک ملیۆن دەنگ کەمێک چوو بۆ سەرتر. گەرمیی ئێوە ئەو گەرمییەی داینێ، لەبەر ئەوە بڕۆنە ناو خەڵک و پێیان بڵێن بۆ ئەوەی خزمەت و ئاوەدانی هەبێت، بۆ ئەوەی ئارامی و تەبایی هەبێت، بۆ ئەوەی پێکەوەژیان و برایەتی هەبێت، بۆ ئەوەی نێوان هەمووان پارێزراو بێت و کێشە نەبن، بە خەڵک بڵێن کێیە کە ئەم شتانە دەکات؟
 
پارتییە، دەنگی خۆتان بدەنە پارتی دیموکراتی کوردستان.
زۆر سوپاس و سەرچاو هاتن.