کێشە بۆ دەنگدەرانی ئاوارەی شنگال دروست بوو؛ 'دەنگی بەشێکیان دەفەوتێت'
رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی کوردستان، زۆرترین ئاوارە لە پارێزگای دهۆک بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن، بەڵام بەشێک لەو ئاوارانەی مامەڵەکانیان لە دهۆک تەواو کردووە و ناویان تۆمار کردووە، لەلایەن کۆمیسیۆنەوە گەڕێندراوەتەوە بۆ شنگال و گوندەکانی دەوروبەری.
رۆژی شەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2025، پیردەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆمیسیۆنی عێراق ناوی بەشێکی زۆری ئاوارەکانی گەڕاندووەتەوە شنگال، لە کاتێکدا خۆیان لە دهۆک ناویان تۆمار کردبوو و مامەڵەکانیشیان تەواو ببوو، بەڵام ناوی ئەندامانی بەشێکی زۆری خێزانەکان کراون بە دوو بەشەوە؛ هەندێکیان ناویان لە دهۆک گەڕاوەتەوە و هەندێکی دیکەیان لە شنگال، چۆن دەبێت لە یەک خێزاندا شتی وا رووبدات؟"
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک، کێشەکە بە "سیاسی" ناودەبات و رایگەیاند: "20٪ـی ئەو ئاوارانەی مافی دەنگدانیان هەیە و خۆیان لە دهۆک تۆمار کردووە، ناویان لە شنگال و گوندەکانی دەوروبەری گەڕاوەتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی زیانێکی زۆرە، دەنگی بەشێکی زۆریان دەفەوتێت."
بە گوتەی پیردەیان جەعفەر، نزیکەی 280 هەزار ئاوارە لە دەرەوە و ناوەوەی کەمپەکان خۆیان بۆ دەنگدان تۆمار کردووە.
ئەو ئاوارانەی شنگال کە ناویان تۆمار نەکراوە، دەبێت بۆ دەنگدان بگەڕێنەوە شنگال، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد "کۆمەڵێک هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە هەن، بەڵام پێموانییە هیچ ئەنجامێکیان هەبێت، دەنگەکان لێرە زۆر کەم دەکەن."
خالید عەباس، بەڕێوەبەری نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "ئێمە بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی عێراق کارمان کردووە، لە لیستێکدا هەندێک ناویان بۆ ناردین و گوتیان ئەوانە مافی دەنگدانیان هەیە، ئێمەش دەستمان بە کارەکانمان کرد و تیمەکانمان چوونە کەمپەکان ناوی ئاوارەکانیان تۆمار کرد."
بەڕێوەبەری نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆن دەڵێت: "توانیمان ناوی 34 هەزار ئاوارە تۆمار بکەین، بەڵام 5 هەزاریان لەلایەن وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقەوە رەتکرانەوە."
بۆ دەنگدانی ئاوارەکان، 22 بنکەی دەنگدان و 93 وێستگە دانراون، ئاوارەکانی شنگال لە پارێزگای دهۆک لە 14 کەمپ و شوێنی جیاواز نیشتەجێکراون و بەشێکیشیان لە دەرەوەی کەمپەکان لە سنووری پارێزگاکە دەژین.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11-11-2025، بەڕێوەبچێت، پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320ـیان گشتییە و 9ـەکەی دیکەیان کۆتان؛ زیاتر لە حەوت هەزار کەسیش خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکە بەربژێر کردووە.