دەرچووانی دێرینی زانکۆی سلێمانی گلەیی لە "پێشوازیی ساردوسڕ" دەکەن و زانکۆش رەتیدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی 250 دەرچووی ساڵانی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووی زانکۆی سلێمانی، کە لە عێراق و وڵاتانی جیهانەوە گەڕابوونەوە، گلەیی ئەوەیان کرد زانکۆکەیان بە ساردوسڕی پێشوازیی لێکردوون، بەڵام زانکۆی سلێمانی ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و جەختی کردەوە کە هەموو داواکارییەکانیان جێبەجێ کراون.
کۆبوونەوەی یادگاری و گلەیی دەرچووان
ئەو دەرچووانە، لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و وڵاتانی وەکو ئەمریکا، کەنەدا، ئەڵمانیا، سوێد، دانیمارک، بەریتانیا، نیوزیلاند، مەغریب، توونس، ئیمارات، ئوردن، فەلەستین و چەندین وڵاتی دیکەوە هاتبوون، بە مەبەستی نوێکردنەوەی یادگارییەکان و بەسەرکردنەوەی زانکۆکەیان سەردانی سلێمانییان کردبوو.
شاندەکە گلەیی ئەوەیان کرد پێشوازییەکی شایستەیان لێ نەکراوە. بە گوتەی ئەوان، سەرەتا رێگەیان پێنەدراوە سەردانی باڵەخانەی کۆنی زانکۆ بکەن بە بیانووی نۆژەنکردنەوە، بۆیە ناچار بوون سەردانی زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆژیا بکەن، کە لە ساڵی 2009 دامەزراوە.
گلەیی ئەوەشیان کرد، سەرەڕای بوونی توانای زانستی و ئەزموونی زۆریان، زانکۆی سلێمانی بیری لەوە نەکردووەتەوە سوود لە توانا و کارامەییەکانیان وەربگرێت و هاوئاهەنگییان لەگەڵدا دروست بکات. بە گوتەی خۆیان، زانکۆ بە ساردوسڕی مامەڵەی لەگەڵ کردوون و تەنانەت گەشتێکی نێو زانکۆشیان پێ نەکراوە بە بیانووی نەبوونی کات و سەرقاڵیی سەرۆکی زانکۆ. ئەمەش نیگەرانی و سەرسوڕمانی ئەندامانی شاندەکەی لێکەوتووەتەوە، بەتایبەتی کە زانکۆ هیچ خەرجی و تێچوویەکی شاندەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە.
روونکردنەوەی زانکۆی سلێمانی
دکتۆر یۆهان عوسمان، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی، رۆژی شەممە، 25ی تشرینی یەکەمی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو شاندە لیژنەیەکی 7 کەسییان هەیە، کە ساڵانە لە یادی دامەزراندنی زانکۆی سلێمانیدا سەردانی زانکۆکە دەکەن و ئەمە سێـیەم ساڵە بەم شێوەیە یادی دامەزراندن دەکەنەوە."
بە گوتەی دکتۆر یۆهان، لیژنەکە داواکارییەکانیان پێشوەختە دەخەنەڕوو و زانکۆش هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ دەکات. لە دوو ساڵی رابردوودا داوای هۆڵ، برۆشۆر، فلێکس و پێداویستیی دیکەیان کردووە و هەموویان بۆ جێبەجێ کراون، تەنانەت ڤیدیۆشیان بۆ ئامادە کراوە. هەروەها بۆ نانی نیوەڕۆ بانگهێشت کراون و ئۆتۆمبێلیان بۆ دابین کراوە بۆ گەڕان بەنێو کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانیدا.
بەڕێوەبەری رۆشنبیری و راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا، بۆ ئەم ساڵ لیژنەکە تەنیا یەک داواکارییان هەبووە، ئەویش دروستکردنی قەڵغان بووە بۆ پێشکێشکردنی بە چەند کەسایەتییەک. زانکۆش قەڵغانەکانی بۆ دابین کردوون و رادەستی کردوون. هەروەها گوتیشی، "ئەم ساڵ شێوازی یادەکەیان گۆڕیوە و هیچ شتێکی دیکەیان نەویستووە، تەنانەت سەردانی کەمپی نوێی زانکۆ و دابینکردنی نانی نیوەڕۆشیان رەتکردووەتەوە، تەنیا داوایان کردووە سەرۆکی زانکۆ قەڵغانەکانیان پێ ببەخشێت، کە ئەمەش جێبەجێ کراوە."
بەڕێوەبەری رۆشنبیری و راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی، روونیشیکردەوە بەهۆی نۆژەنکردنەوەی کەمپی کۆنی زانکۆی سلێمانی، پێشوەختە داوایان لە شاندەکە کردووە ئەگەر بکرێت دوو بۆ سێ رۆژ بۆنەکەیان دوابخەن، چونکە بەیانیی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو شوێنەکە پڕ بووە لە خۆڵ و خاشاک و کرێکارەکان سەرقاڵی پاککردنەوە بوون. لەگەڵ ئەوەشدا، هۆڵیان بۆ دابین کراوە و سیستمی دەنگ و داتاشۆیان بۆ رێکخراوە.
دکتۆر یۆهان عوسمان گوتی، "لیژنەکە سەرپەرشتیاریی هەموو ئەمانەی کردووە و هیچ گلەییەکیان نەبووە، تەنانەت زۆر سوپاسیان کردووین و قەڵغانێکیان پێشکێش کردووین." ئاماژەی بەوەشدا، شاندەکە هیچ پرۆپۆزەڵێکیان پێشکێش نەکردووە بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموونیان وەربگیرێت.
زانکۆی سلێمانی لە ساڵی 1968 دامەزراوە، سەرەتا لە سێ کۆلیژ پێکهاتبوو، ساڵی 1981 حکومەتی عێراق زانکۆکەی هەڵوەشاندەوە و گواستیەوە شاری هەولێر و ناوی کرایە زانکۆی سەلاحەدین، ساڵی 1992 جارێکی دیکە زانکۆکە بنیاتنراوە.