سزای لەسێدارەدانی پێنج بەندکراوی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵوەشێندرایەوە

رووداو دیجیتاڵ

دیوانی باڵای دادوەریی ئێران، سزای 11 جار لەسێدارەدانی پێنج بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی هەڵوەشاندەوە و جارێکی دیکە بڕیار لەسەر دۆسیەکانیان دەدرێت. 
 
لقی یەکی دادگەی شۆڕشی ورمێ هاوینی ئەم ساڵ رزگار بەیگزادەی بابامیری بە سێ جار، عەلی قاسمی بە سێ جار، پێژمان سوڵتانی بە دوو جار، کاوە ساڵحی بە دوو جار و تەیفوور سەلیمی بە جارێک لەسێدارەدان سزا دابوو. 
 
عوسمان موزەیەن، پارێزەری رزگار بەیگزادە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دیوانی باڵای دادوەریی ئێران تانەیان لە بڕیارەکە دابوو و لقی 39ی دیوانی دادوەری بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سزاکەی داوە. 
 
ئەو پارێزەرە پلە یەکەی کورد دەڵێت، دۆسیەی دادگایی و سزادانی ئەو کەسانە لە دادگەی ورمێ کەموکوڕی یاسایی زۆری تێدایە و لە کاتی لێکۆڵینەوەشدا لە مافە یاساییەکانی بەندکراوان بێبەش بوون. 
 
بەپێی یاسا و رێوشوێنەکانی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، ئەگەر دیوانی باڵای دادوەری سزایەکی هەڵوەشاندەوە دۆسیەکە رەوانەی لقێکی دیکەی هاوشێوە لەو دادگەیە دەکرێت، کە تێیدا سزا دراوە و بەو پێیە دۆسیەی ئەو پێنج بەندکراوە لە لقێکی دیکە، جگە لە لقی یەک، لە دادگەی ورمێ بڕیاری لەسەر دەدرێتەوە. 
 
هەفتەی رابردوو، دادگەی پێداچوونەوەی ورمێ، بڕیاری بێبەریبوونی هەر پێنج تۆمەتبار لە تۆمەتی دابینکردنی دارایی تیرۆر لە رێگەی دابینکردنی دەرمان بۆ ناڕازییانی دا. 
 
جگە لە لەسێدارەدان، ئەو پێنج بەندکراوە بە بەندکران بۆ ماوەی 10 و 15 ساڵیش سزا دراون. 
 
ئەو پێنج بەندکراوە لەگەڵ 8 کەسی دیکە لە مانگی 4ی ساڵی 2023 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و بە چالاکی دژ بە دەسەڵاتی ئێران، ئەندامێتی لە حیزبەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی و هەروەها هاوکاریکردن لەگەڵ ئیسرائیل و دەستهەبوون لە کوشتن تۆمەتبار کراون. 8 کەسەکەی دیکە بە بەندکران و هەروەها سزای نەختی سزا دراون.