مەسرور بارزانی: قاچاخچییەکان خەڵک بۆ مەرگ دەنێرن و پێویستە بوەستێندرێن

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی ئەو کۆچبەرانە بڵاوکردەوە کە شەوی رابردوو لە نۆکەندی ئینگلیز خنکان و دەڵێت، قاچاخچییەکان خەڵک بۆ مەرگ دەنێرن و پێویستە پێکەوە هەوڵی وەستاندنیان بدرێت.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا کە لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە نووسیویەتی، "زۆر دڵگرانم بەو تراژیدیایەی تێیدا شەوی رابردوو 27 کەسی بێتاوان لە نۆکەندنی ئینگلیز ژیانیان لەدەستدا. هەندێک لە قوربانییەکان وا دەردەکەوێت کە کورد بن. کار لەسەر پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەکانیان دەکەین. هاوخەمی خێزانەکانیانین".
 
هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەمە بیرهێنانەوەیەکی بەهێزی ترسناکی کۆچی نایاسایی و ئەو قاچاخچییانەیە کە خەڵک بۆ مردن دەنێرن. پێویستە ئێمە پێکەوە کار بۆ وەستاندنی ئەمە بکەین".
 
دەسەڵاتدارانی فەرەنسا بە میدیاکانی بەریتانیایان راگەیاندووە، زۆربەی ئەو 27 کۆچبەرەی لە نۆکەندی ئینگلیزدا خنکاون کوردی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان بوون و ژنی دووگیان و سێ منداڵیشیان تێدایە کە لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە کەناڵەکە، خنکاون.

هاوکات دوو کۆچبەریش کە رزگاریان بووە، بە گوتەی وەزیری ناوخۆی فەرەنسا بۆ میدیاکان، یەکێکیان "عێراقی"یە و ئەوی دیکەشیان سۆماڵییە، هەردووکیان لە نەخۆشخانەی کالێ چارەسەری پزیشکی وەردەگرن.

گوتەبێژێک بەناوی بەرپرسانی شاری لیل رایگەیاندووە، "بەیانیی ئەمڕۆ دەستیانکردووە بە پشکنین" بۆ تەرمەکان و هاوکات لەسەر دوو رزگاربووەکەش قسەی کردووە و دەڵێت، "ژیانیان لە مەترسیدا نییە".

لە سەرەتای ئەمساڵەوە فەرەنسا 1500 کەسی بە تۆمەتی بەقاچاخبردنی خەڵک دەستگیرکردووە، وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتەش ئامارەکە و دەستگیرکردنی کەسی پێنجەمی بە تۆمەتی بەقاچاخبردنی ئەو کۆچبەرانە پشتڕاستکردەوە کە لە رووداوەکەی شەوی رابردوو گیانیان لەدەستداوە.