پێشبینی شەپۆلێکی بارانبارین لە هەرێمی کوردستان دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ، پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە. بەشێک لە کەشناسانیش پێشبینی دەکەن، رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە باران لە هەرێمی کوردستان ببارێت. بەگوێرەی پێشبینییەکان، باران لە هەولێر و دهۆک مامناوەند بۆ نمەباران دەبێت و لە سلێمانی و هەڵەبجە لاوازتر دەبێت.
لەبارەی کەشوهەوای ئەمڕۆ شەممە 25-11-2023، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و دواتر دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور؛ بەراورد بە دوێنێ، پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلە بەرز دەبێتەوە.
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ئەمشەوەوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە؛ سەرەتا لە دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانی بە لاوازی دەستپێدەکات؛ رۆژی یەکشەممە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجەش دەگرێتەوە".
لەبارەی بڕی بارانبارینەوە ئاراس جەبار گوتی، رۆژی یەکشەممە لە سەنتەری هەولێر و دهۆک باران مامناوەند دەبێت و پێشبینی دەکرێت 5 بۆ 10 ملیمەتر باران ببارێت، بەڵام لە هەڵەبجە و سلێمانی لاواز دەبێت و "هەندێک کاتی زۆر کەم" ئەگەری نمەباران هەیە.
ئەو کەشناسە دەڵێت، رۆژی دووشەممە بارانبارین هاوشێوەی یەکشەممە لە هەولێر و دهۆک بەردەوام دەبێت و لە سلێمانی و هەڵەبجە بە لاوازتر و پچڕ پچڕ دەبارێت.
لە هەردوو رۆژەکەی بارانباریندا لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان بارانبارین لە شارەکان زیاتر دەبێت. ئاراس جەبار دەڵێت، ئەم شەپۆلە جیا دەبێت لە شەپۆلی هەفتەی رابردوو و پلەی گەرما بەشێوەی بەرچاو دانابەزێت.
هاوکات شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شەپۆلەکە یەکشەممە و دووشەممە هەرێمی کورستان بەگشتی دەگرێتەوە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر بارانی زیاتر دەبارێت و لە سلێمانی و هەڵەبجە لاوازتر دەبێت؛ چەقی شەپۆلەکە رۆژی دووشەممە دەبێت".
شاڵاو هیدایەت گوتیشی، شەپۆلەکە گۆڕانکاری زۆری تێدا روودەدات و ناتوانن پێشبینی بڕی بارانبارین لەو دوو رۆژەدا لە هەرێمی کوردستان بکەن.
هەفتەی رابردوو شەپۆلێکی بارانبارین بۆ ماوەی دوو رۆژ هەرێمی کوردستانی گرتەوە. بە گوتەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ رووداو، لەو شەپۆلەدا لە هەرێمی کوردستان پەڵەی دا و جووتیاران دەتوانن دانەوێڵە بچێنن.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرما ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
هەولێر؛ 18 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 17 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 17 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 20 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 19 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 18 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 21 پلەی سیلیزی
حاج ئۆمەران؛ 11 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 16 پلەی سیلیزی