کەناڵە نێوخۆییەکان دەبێت لە مانگێکدا پەخشی کەناڵەکانی بین سپۆرتس رابگرن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەڵێت، پەخشی ئەو کەناڵە ناوخۆییانە رادەگرێت کە بە نایاسایی پەخشی کەناڵەکانی بین سپۆرتس دەگوازنەوە.
رۆژی سێشەممە 25-11-2025، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی ئەو کەناڵە ناوخۆییانە بڵاوکردەوە کە پەخشی کەناڵەکانی بین سپۆرتس بە نایاسایی دەگوازنەوە.
وەزارەتەکە دەڵێت، راگرتنی پەخشی ئەو کەناڵانە بۆ "رێگرتنە لەو سەرپێچییە نایاساییە و پارێزگاری کردن لە مافی پەخش و بڵاوکردنەوە".
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەڵێت، "پێویستە لەماوەی یەک مانگدا" کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت پەخشی ئەو کەناڵانە رابگرن.
دەقی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن:
بڕیارێک لە بارەی کەناڵەکانی (BEIN SPORTS)
بەمەبەستی راگرتنی پەخشی هەندێک کەناڵی بێ مۆڵەت وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێم بڕیارێک دەردەکات.
لە ڕێگەی بەرێوەبەرایەتی گشتی پۆستە و گەیاندن لە رێکەوتی (17-11-2025 ) بە نووسراوی فەرمی کۆمپانیاکانی بواری ئینتەرنێت ئاگادار دەکاتەوە بە راگرتنی پەخشی کەناڵەکانی ( بین سپۆرت ) کە لە رێگەی پەخشی ئۆنڵاین لە هەندێک کەناڵی ناوخۆییەکان بەنا یاسایی بەشێوازی( IPTV ) پەخش دەکرێن، بەمەش بۆ رێگرتن لەو سەرپێچییە نایاساییە و پارێزگاری کردن لە مافی پەخش و بڵاوکرنەوە، وەزارەتمان رێگری دەکات وە پێویستە لەماوەی یەک مانگدا کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت رایانبگرن.
هەر کەناڵێک بیەوێت لە رێگەی ئینتەرنێتەوە پەخشی دامەزراوەی ( BEIN SPORTS ) بکات پێویستە لەرێگای بریکاری فەرمی ئەو دەزگایە بێت لە بەر پاراستنی مافی خاوەندارێتی فیکری و یاسایی بەپێی یاسا و رێنماییە بەرکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.