مانگی رابردوو 5 ملیۆن و 834 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەکراوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماری هەناردە و داهاتی نەوتی لە مانگی رابردوو بڵاوکردەوە و بەگوێرەی ئامارەکە، نزیکەی 111 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو هەناردەکراوە و داهاتەکەشی زیاتر لە 7 ملیار دۆلار بووە.
 
وەزارەتی نەوت ئەمڕۆ سێشەممە، 25ی تشرینی دووەمی 2025،  لە راگەیێندراوێکدا کە پشتی بە ئاماری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بەستووە، رایگەیاندووە: "کۆی گشتیی بڕی هەناردەی نەوتی خاو لە مانگی تشرینی یەکەمدا گەیشتووەتە 110 ملیۆن و 923 هەزار و 47 بەرمیل."
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، داهاتی بەدەستهاتوو لە فرۆشتنی ئەو بڕە نەوتە، "7 ملیار و 30 ملیۆن و 689 هەزار دۆلار بووە."
 
وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەش کردووە، کۆی ئەو بڕەی لە کێڵگە نەوتییەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراقەوە هەناردەکراوە، 104 ملیۆن و 816 هەزار و 106 بەرمیل بووە.
 
لە کاتێکدا بڕی هەناردەکراو لە هەرێمی کوردستانەوە لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە گەیشتووەتە 5 ملیۆن و 834 هەزار و 864 بەرمیل. هەروەها بڕی هەناردەکراو بۆ ئوردن 272 هەزار و 77 بەرمیل بووە.
 
رۆژی 27ی ئەیلوولی 2025 هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە هەناردەکرایەوە.
 
19ی ئەم مانگە، عامر خەلیل، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژانە تێکڕا نزیکەی 200 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی بەندەری جەیهان دەکەن.
 
عامر خەلیل گوتی، "نەوتی هەرێمی کوردستان بەشێکی بۆ بازاڕی تورکیا و بەشەکەی دیکەشی بۆ بازاڕی ئەورووپایە."