راوێژکارێکی بافڵ تاڵەبانی: پۆستی سەرۆککۆمار پشکی یەکێتییە و لای یەکێتی دەمێنێت

رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیێنێت، هەرچەندە بەهۆی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە ساردی کەوتووەتە نێوان پارتی و یەکێتی، بەڵام پەیوەندییەکان نەپچڕاون. جەختیش دەکاتەوە، پۆستی سەرۆککۆماری عێراق پشکی یەکێتییە و دەستبەرداری نابن.
 
بێستوون فایەق، راوێژكاری بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لە دوای هەڵبژاردن گوتی: "لە بانگەشەی هەڵبژاردندا گرژی و ساردی دروستبووە، بەڵام هێڵێکی پەیوەندی هەر ماوە و پەیوەندی نەپچڕاوە. ئێمە دوو کەمپەینمان تێپەڕاندووە و پێویستە ئەم دۆخە هێوربکرێتەوە."
 
سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و هەنگاوەکانی داهاتوو، بێستوون فایەق ئاماژەی بەوە کرد،  هێشتا ئەنجامەکان لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە پەسند نەکراون و سکاڵاکان یەکلایی نەکراونەتەوە، بۆیە قۆناخی تەواوکاریی یاسایی ماوە.
 
راوێژکارەکەی سەرۆکی یەکێتی جەختی لەسەر گرنگیی یەکدەنگیی کورد لە بەغدا کردەوە و گوتی: "بابەتە نیشتمانییەکان، وەک مووچە، پێشمەرگە و ناوچە جێناکۆکەکان خاڵی هاوبەشی نێوان لایەنەکانن. یەکێتی کە دەچێتە بەغدا بە نییەتی چارەسەری کێشەی مووچەخۆرانی هەموو هەرێمی کوردستان و یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی خاک دەچێت، نەک تەنیا بۆ بەرژەوەندیی حیزبی."
 
لەوەڵامی پرسیاری رووداو سەبارەت بەوەی ئایا یەکێتی داوای پۆستی سەرۆککۆمار دەکات، بێستوون فایەق بە روونی گوتی: "بەڵێ، ئەو پۆستە بەپێی عورفێکی دەستووری، کە لە دوای رووخانی بەعسەوە پەیڕەو دەکرێت، بەرکەوتەی کورد و لەنێو کوردیشدا پشکی یەکێتییە."
 
بێستوون فایەق راشیگەیاند: "ئەو پۆستە ئێستا بە دەست یەکێتییەوەیە و لە داهاتووشدا هەر بە دەست یەکێتییەوە دەبێت و بە مافی خۆمانی دەزانین."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا، بێستوون فایەق هیوای خواست، کە دوای پەسندکردنی ئەنجامەکان، لایەنە کوردییەکان بە یەکدەنگی لە بەغدا کار بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بکەن.