جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کردنەوەی باڵەخانەی نوێی کۆنسووڵخانەی وڵاتەکەی دێتە هەولێر

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ، مایکڵ ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری بەڕێوەبردن و سەرچاوەکان، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات بە مەبەستی کردنەوەی باڵەخانەی نوێی کۆنسووڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، سەردانەکە کە تورکیا، عێراق و ئیسرائیلیش دەگرێتەوە، جەخت لە پابەندبوونی ئەمریکا دەکاتەوە بە برەودان بە سەقامگیری، ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا.
 
سەردانەکەی ریگاس لە رۆژی 27ـی تشرینی دووەم دەست پێدەکات و تاوەکو 5ـی کانوونی یەکەمی 2025 دەخایەنێت و بەرپرسەکە دەچێتە ئیستەنبووڵ، بەغدا، هەولێر و دواتریش دەچێتە ئیسرائیل. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، جێگرەکەی مارکۆ روبیۆ لە عێراق چەندین دیداری گرنگی دەبێت، بەڵام خاڵی هەرە دیاری سەردانەکەی بۆ عێراق، کردنەوەی باڵەخانەی نوێی کۆنسووڵخانەی گشتیی ئەمریکایە لە هەولێر.
 
هەروەها هاتووە کە ریگاس لە عێراق "لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی کۆدەبێتەوە و سەردانی دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا دەکات."
 
پێش سەردانەکەی بۆ عێراق، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی تورکیا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە. 
 
لە دوایین وێستگەی گەشتەکەیدا، ریگاس سەردانی ئیسرائیل دەکات بە مەبەستی "دووپاتکردنەوەی پەیوەندییە پۆڵایینەکەی نێوان ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکان" و بەهێزکردنی دامەزراوە دیپلۆماسییەکان.
 
دەقی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
 
مایکڵ ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری بەڕێوەبردن و سەرچاوەکان، لە 27ـی تشرینی دووەم تاوەکو 5ـی کانوونی یەکەم، سەردانی تورکیا، عێراق و ئیسرائیل دەکات و دەچێتە شارەکانی ئیستەنبووڵ، بەغدا، هەولێر و ئۆرشەلیم. 
 
گەشتەکەی مایکڵ ریگاس جەخت لە پابەندبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکاتەوە بە برەودان بە سەقامگیری، ئاسایش، ئازادیی ئایینی و خۆشگوزەرانی لە سەرتاسەری ناوچەکەدا.
 
لە تورکیا، جێگری وەزیر ریگاس سەرۆکایەتیی شاندی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکات بۆ ئاهەنگی 1700ـەمین ساڵیادی یەکەمین کۆبوونەوەی نیقیە. مایکڵ ریگاس لەگەڵ هاوتا تورکەکانی بۆ پێشخستنی پەیوەندییە دوولایەنەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا بەشداری لە کۆبوونەوەکاندا دەکات، هەروەها لەگەڵ پاتریارکی ئیکومێنیکی بارسۆلۆمیۆی یەکەمیش کۆدەبێتەوە.
 
لە عێراق، جێگری وەزیر لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی کۆدەبێتەوە، سەردانی دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا دەکات و [باڵەخانەی] کۆنسووڵخانەی گشتیی نوێ لە هەولێر دەکاتەوە.
 
گەشتەکەی جێگری وەزیر بۆ ئیسرائیل پەیوەندییە پۆڵایینەکەی نێوان ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکان دووپات دەکاتەوە، لە هەمان کاتدا دامەزراوە دیپلۆماسییەکان بەهێز دەکات و دڵنیایی دەدات لەوەی کە یارمەتییە بیانییەکان بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا دەخەنە پێش.