هەفتەی داهاتوو بڕیار لەبارەی دۆسیەی دکتۆر سیروان مەحموود دەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
برزۆ سەعید، پارێزەری راوێژکار لە دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ دانیشتنی دادگە بۆ دۆسیەی دکتۆر سیروان مەحموود بەڕێوەچوو، "بەڵام بڕیاردان لەبارەیەوە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا."
رۆژی 13-03-2025 دکتۆر سیروان مەحموود هەریەکە لە هاوژینەکەی، خوشکی هاوژینی و خەسوو و خەزووری لە ماڵەکەیان لە گەڕەکی فەرمانبەرانی هەولێر بە دەستڕێژی گولـلە کوشت.
رۆژی سێشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2025 برزۆ سەعید، پارێزەری راوێژکار لە دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ دانیشتنی دادگاییکردنی دکتۆر سیروان مەحموود، تۆمەتبار بە کوشتنی چوار کەس لە ماڵی خەزوورانی بەڕێوەچوو، بەڵام بەبێ هیچ هۆکارێک دواخرا."
دانیشتنەکە بۆ رۆژی سێشەممەی داهاتوو 02-12-2025 دواخراوە. پارێزەر برزۆ سەعید گوتی، "بڕیارەکەمان پێ هەڵەبوو؛ چونکە بۆ کوشتنی هاوژینەکەی، خوشکی هاوژینەکەی بە مادەی 405 تۆمەتبار کرا، بۆ کوشتنی دایک و باوکی هاوژینەکەی و برینداربوونی منداڵەکە بە مادەی 406 تۆمەتبار کرا؛ لە کاتێکدا ئەو بڕیارە و ئاراستەکردنی تۆمەتەکان بە مادەی 405 هەڵەیە و دەبوو هەموویان مادەی 406 بوونایە."
رۆژێک دوای رووداوەکە، واتە رۆژی 14-03-2025، ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، ئەو کەسەیان دەستگیر کردووە، کە چوار کەسی لە ماڵی خەزوورانی کوشتووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئاسایش، تۆمەتبارەکە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە و بە دەمانچە ئەو چوار کەسەی کوشتووە.