گوتەبێژی یەکێتی: دەرگەی گفتوگۆمان کراوەیە بۆ ئەوەی زوو حکومەت پێکبهێنین


رووداو دیجیتاڵ

کاروان گەزنەیی، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، دەرگەیان بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی تایبەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوەیە. دەشڵێت، بەربژێریان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دەبێت.
 
رۆژی سێشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2025، کاروان گەزنەیی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "یەکێتی جارێکی دیکە دووپاتی دەکاتەوە کە لەسەر تەواوی داخوازییەکانمان بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوورین." ئاماژەی بەوەش کرد، سوورن لەسەر ئەو بەڵێنانەی بە هاووڵاتیانیان داوە تایبەت بە پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
بە گوتەی کاروان گەزنەیی، کارنامەی نێوان پارتی و یەکێتی بەرەو تەواوبوون دەچێ. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان لە هەنگاوەکانیان تایبەت بە پێکهێنانی حکومەت پەشیمان نەبوونەتەوە. سەبارەت بە دابەشکردنی پۆستەکانیش، گوتەبێژی یەکێتی رایگەیاند: "دەرگەی گفتوگۆمان کراوەیە بۆ ئەوەی زوو دانوستانەکان دەستپێبکەینەوە و حکومەت پێکبهێنین."
 
گوتەبێژی یەکێتی باسی لەوە کرد، ئەوان رێگر نین لەبەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، بەڵام دەیانەوێ ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بکەن کە بە دەنگدەرانیان داون. گوتیشی: "یەکێتی مەبەستیەتی هاوبەشێکی حەقیقی بێت لە تەواوی مەلەفەکانی ئەمنی و دارایی بۆ ئەوەی بتوانێ خزمەتێکی راستەقینە بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکات."
 
سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی عێراق، کاروان گەزنەیی رایگەیاند، دوو پڕۆژەیان دەبێت. یەکێکیان سیاسی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئەوی دیکەیان ئابووری بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان. 
 
لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماریشەوە ئاماژەی بەوە کرد: "پۆستی سەرۆککۆمار مافی شەرعیی گەلی کوردستانە و لەنێویشیاندا مافی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و کاندیدمان دەبێت بۆی، بەڵام تاوەکو ئێستا مەکتەبی سیاسی بڕیاری لەسەر کاندیدەکە نەداوە."