رووداوێکی سەختی هاتووچۆ لە رێگەی کەرکووک - تکریت روویدا؛ 4 کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لە نزیک گوندی (حومێرە) لە رێگەی سەرەکیی کەرکووک - تکریت رووداوێکی سەختی هاتووچۆ روویدا و لە ئەنجامدا 4 کەس گیانیان لەدەستدا و 3 کەسی دیکەش بریندار بوون.
عامر کاکەیی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی هاتووچۆی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رووداوەکە لەنێوان دوو ئۆتۆمبێل لە جۆرەکانی (هۆندای توسۆن) و (ئۆپڵ ئۆمێگا) روویداوە".
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئۆتۆمبێلە هۆندایەکە حکومی بووە و سەرنشینەکانی خەڵکی پارێزگای ئەنبارن؛ هاووڵاتییانی نێو ئۆپڵەکەش خەڵکی شاری تکریتن.
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە 2 ژن و 2 منداڵ بوون کە سەرجەمیان لەنێو ئۆتۆمبێلە ئۆپڵەکەدا بوون و ناوەکانیان بەم شێوەیەیە:
• سەجا حەموود، لەدایکبووی 2001 (ژن).
• شەهادە شەهد مەحمود، لەدایکبووی 1992 (ژن).
• مەحموود خالید بەدر، تەمەن 2 ساڵ
• میراڵ سوهەیب، تەمەن 5 مانگ
لەلایەکی دیکەوە پڕشنگ مەجید، بەرپرسی هۆبەی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی ئازادیی کەرکووک بە (هیوا حوسامەدین)، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی ڕاگەیاند: "تەرمی 4 هاووڵاتییەکە گەیەندراونەتە دادپزیشکیی نەخۆشخانەی ئازادی، هەروەها 3 برینداریش هەن کە 2ـیان لە نەخۆشخانەی ئازادی و 1ـێکیان لە نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک چارەسەر وەردەگرن".