سەرۆک بارزانی و هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا تاوتوێی قۆناخی دوای هەڵبژاردنی عێراق دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیی جوشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا کرد.
 
دیدارەکە رۆژی سێشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2025 لە پیرمام سازکرا و گویندەلن گرین، کۆنسووڵی گشتیی ئەمەریکاش لە هەولێر ئامادەی بوو.
 
بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا "پیرۆزبایی سەرکەوتن"ـی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی لە سەرۆک بارزانی کرد و "سوپاس"ـی هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی کرد لەپێناو سەرخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردن.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە،  جوشوا هاریس باسی لە هەنگاوەکانی دوای هەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکانی عێراقی کرد لەپێناو پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق.

 

 
لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی رۆشنایی خستەسەر قۆناخی دوای هەڵبژاردن لە عێراق و پێکهێنانی کابینەی نوێ کە رەنگدانەوەی خواستی تەواوی گەلی عێراق و لەسەر بنەمای دەستوور بێت. 
 
بارەگای بارزانی دەڵێت، لەبارەی هەرێمی کوردستان سەرۆک بارزانی جەختی لە بەردەوامیی گفتوگۆکان کردەوە لە نێوان هەموو لایەنە کوردستانییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە بەشێکی دیکەی ئەو دیدارە گۆڕانکاری و ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە بە گشتیی باسیان لێوەکرا. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێشخستن و بەردەوامی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان و عێراق.