پانۆرامای رووداوەکانی عێراق لە ساڵی 2019
رووداو - هەولێر
لە پانۆرامای رووداوەکانی عێراق لە ساڵی 2019 دا، رووداو تاوتوێی خراپیی رەوشی ئابووری، لێکترازانی ماڵی شیعە، سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکان و قەبارەی گەندەڵیی لە عێراق دەکات. هەروەها باسی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و هەوڵەکانی هەردوولا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکات.
کاژێر 12:00ی نیوەڕۆی هەموو رۆژێک تاوەکو 30 ئەم مانگە، رووداو پانۆرامای رووداوەکانی 2019ی ناوچەکە و جیهانتان پێشکەش دەکات.
لە خۆپیشاندانەکانی عێراق 485 کەس کوژراو و27 هەزار برینداربوون
خۆپیشاندان ماوەی دوو مانگە بەردەوامە، هێزە ئەمنییەکان زۆر تووند مامەڵەیان لەگەڵ کردوون، تاوەکو ئێستاشی لەگەڵبێت خۆپیشاندەر و ئەوانەی کە لە گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندان پشتگیرییان لێدەکەن، دەڕفێنرێن و دەکوژرێن.
کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق دەڵێت: 485 کەس کوژران، 27 هەزاریش بریندارن، بەڵام هەندێک سەرچاوە پێیانوایە ژمارەکە لەوە زیاترە.
خۆپیشاندانەکان لە یەکی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2019ـەوە سەریانهەڵداوە، خۆپیشاندانەکان بەردەوامن و بوونە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی کابینەی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی، کە تەمەنی تەنیا ساڵێک و چەند هەفتەیەک بوو، لەگەڵ لەکارلابردنی دەیان فەرماندەی سەربازی و ئەمنی و سووتاندنی دەیان بارەگای حیزبە شیعەکان و کۆنسوڵخانەکانی ئێران لە نەجەف و کەربەلا و بەسرە.
لە پاڵ ئەمانە خۆپیشاندەران لە عێراق تاوەکو ئێستا چەند جارێک رێگەی بەندەری فاو و کێڵگە نەوتییەکانیان لە باشووری عێراق داخستووە و بەردەوامی خۆپیشاندانەکانیش بووەهۆی هاتنە سەرخەتی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعە و رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و تەنانەت ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی دوای ئەوەی دیمەنی کوژرانی خۆپیشاندەران بە گوللە و بۆمبی گازی فرمێسکڕێژ لەسەر دەستی هێزە ئەمنییەکان بڵاوبووەوە و قوتابیان و خوێندکاران مانگرتنیان راگەیاند.
بەڵام خۆپیشاندەران بەمە ناوەستن و داوادەکەن کابینەی نوێی حکومەتی عێراق کاتی بێ و پاش شەش مانگ یان ساڵێک هەڵبژاردنی پێشوەخت بە سەرپەرشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بەڕێوەبچێت.
دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق هێندەی مانەوەی لە پۆستەکەی مشتومڕی درووستکردووە، چونکە تاوەکو ئێستا چەندین کەسایەتی کە پێشنیازکراون بۆ سەرۆکایەتی وەزیران لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە رەتکراونەتەوە، لەکاتێکدا راسپاردنی بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ماوەی دەستووری خۆی تێپەڕی.
باجی ئەم خۆپیشاندانانە وەک عەلی بەیاتی، ئەندامی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق دەڵێت "تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە 485 کوژراو و 27 هەزار بریندار، لەگەڵ رفاندنی 48 خۆپیشاندەر و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەلایەن چەکداری نەناسراو و دەستگیرکردنی 2807 دوو هەزار و 807 کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکان بەهۆی خۆپیشاندانەکان، کە تاوەکو ئێستا 107 کەسیان ئازادنەکراون".
خۆپیشاندەران داوای کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران دەکەن
لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانی عێراق بە دەیان بارەگا و شوێنی پارتەکانی نزیک لە ئێران لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە هێرشیانکراوەتە سەر و ژمارەیەکیشیان سووتێنراون.
خۆپیشاندەران پێیانوایە پارتە ئیسلامییەکانی شیعە لە باشووری ئەو وڵاتە پرۆژەیەکی هەواڵگری حکومەتی ئێرانن بۆ لێدانی عێراق و داوا دەکەن کە کۆتایی بە دەستێوەردانی ئێران لە وڵاتەکەیان بهێنرێت.
خۆپیشاندەران لە نەجەف، کەربەلا و بەسرە هێرشیانکردە سەر کۆنسوڵخانەکانی ئێران و لە بەغداش هەوڵیاندا باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە ئاگر بدەن بەڵام هێزە ئەمنییە و سەربازییەکان رێگەیان بەمە نەدا.
خراپی دۆخی ئابووری و سیاسی هۆکاری خۆپیشاندانەکانی عێراق بوو
حکومەتی عێراق بۆ هێورکردنەوەی خەڵک و شەقام کۆمەڵێک بڕیاری دەرکردن، وەکو دروستکردنی 100 هەزار خانوو بۆ خەڵکی هەژار، مووچە بۆ 250 هەزار کەس، لەگەڵ دامەزراندنی 100 هەزار کەس، بەڵام سوودی نەبوو خۆپیشاندان کۆتایی نەهات.
ئەو حکومەتە تازەی کە پێکدەهێنرێت، کۆمەڵێک ئاڵنگاری گەورە لەبەردەمیدان، دوو حکومەتی پێش خۆی نەیانتوانیوە چارەسەریان بکەن، یەکێک لەو ئاڵنگارییانە گەڕانەوەی ئاوارەکانە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانییانە، هێشتا ملیۆن و نیوێک خەڵک ئاوارەن، بۆیە خەڵک گەشبین نییەن بە داهاتوویان باشکردنی دۆخیان کاتی دەوێت.
کاری لەپێشینەی کورد لە 2020 کێشەی ناوچە دابڕێنراوەکان دەبێت
لەدوای ساڵی 2003 هیچ سەرۆکوەزیرانێکی عێراق هێندەی عادل عەبدولمەهدی باش نەبووە لەگەڵ کورد، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا باشبوون، هەنگاوی باشیان بڕی لەسەر کۆمەڵێک دۆسیە رێکبکەون کە حکومەتەکەی عەبادی تێکیدابوو.
کوردیش تاوەکو دواسات پشتگیری لە حکومەتەکەی عەبدولمەهدی کرد، بەپێی راپرسییەکی دەزگای گالووپیش بۆ راپرسی، خەڵکی کوردستان لەچاو پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق زیاتر عەبدولمەهدییان خۆشویستووە.
بەرپرسانی کورد هیوایانوایە ئەو کەسەی کە دەبێتە سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، هەوڵی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەولیرو بەغدا بدات، گۆڕینی کەسەکان کاریگەری نەبێت لەسەر پەیوەندییەکان، یەکێک لە ئەولەویەتەکانی کورد لەگەڵ بەغدا چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە دابڕاوەکانە.
لە 2019 هەولێر و بەغدا لەسەر نەوت و بودجە رێککەوتن
لە ساڵی 2019 پێشکەوتنی گەورە لە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بەدیهات، بەتایبەت دوای ئەوەی هەردوولا رێککەوتن لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەژێر رکێفی کۆمپانیای سۆمۆ و پێدانی مووچە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی ساڵی 2020ی عێراق، بەڵام دەسەتلەکارکێشانەوەی کابینەی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی و هەوڵی دەرکردنی یاسایەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنەکان دۆخەکەی تەمومژاوی کردووە، بەتایبەت هێشتا روون نییە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق چی سیاسەتێک بەرامبەر کورد پەیڕەو دەکات.
سەڕەرای ئەمەش بەرپرسانی کورد لە بەغدا گەشبینن و هیوا دەخوازن حکومەتی نوێی عێراق هەوڵی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا بدات بەتایبەت پرسی بەڕێوەبردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
چاوەڕوان دەکرێ بۆ ساڵی نوێ گەڕێکی دیکەی دانووستاندن لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کابینەی نوێی حکومەتی عێراق دەستپێبکات بۆ جێگیرکردنی رێککەوتنەکانی پێشوو و هەنگاونان بەرەو چارەکردنی کێشە هەڵپەسێدراوەکانی نێوان هەردوولا.
خۆپیشاندەران خۆشحاڵن بە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای هەڵبژاردن
خۆپیشاندەرانی عێراق خۆشحاڵن بە بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پەسەندکردنی یاسای هەڵبژاردن، شەوی رابردوو لە گۆڕەپانی تەحریر خۆپیشاندەران ئاهەنگیان گێراو خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی و بڕیارەکەیان بەسەرکەوتن ناو برد، خۆپیشاندەران دەڵێن، پەرلەمان بە خواستی خۆی ئەو یاسایەی پەسند نەکردووە، بەڵکو لەژێر گوشار و بە ناچاری پەسندیکرد.
لە دیوانییە خۆپیشاندەران بارەگای ژمارەیەک حیزبیان سووتاند
خۆپیشاندان لە پارێزگاکانی عێراق بەردەوامن، لە قادسیە خۆپیشاندەران ژمارەیەک بارەگای حیزب و پارتەکانیان سووتاند.
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی عێراقی، خۆپیشاندەران لەدیوانییە لە ناوەندی پارێزگای قادسیە بارەگای حیزبەکانی دەعوەی ئیسلامی، رەوتی حیکمە، رێکخراوی بەدر و عەسائیب ئەهلی حەقییان سووتاندووە.
لەلایەکی دیکەوە خۆپیشاندەران لە بەغدا و نەجەف ژمارەیەک رێگەی سەرەکییان داخست، هاوکات چالاکڤانێکی خۆپیشاندانەکانیش بەناوی سائیر کەریم دوای ئەوەی هەوڵی کوشتنی درا لەلایەن چەکدارانەوە دوای 9 رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.