سەدان ساڵە کریستیان و موسڵمانەکانی باشووری کوردستان پێکەوە دەژین
رووداو دیجیتاڵ
گوندی بێدیالی لە دەڤەری بارزان بەتەنها هەشت ماڵی کریستیانی لێن و خاوەن کەنیسەیەکی بچووک و کۆن بووە، ساڵی 1999 لە سەر فەرمانی نێچیرڤان بارزانی دەست بە دروستکردنی ئەم کەنیسەیە کراوە.
رۆژی 6-11-2000 لە رێوڕەسمێکدا کرانەوەی کەنیسەی بێدیال و ناشتنی نەمام لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فرەنسۆ هەریری پارێزگاری هەولێر بەڕێوەچوو.
دەڤەرەکە بە دووری 160 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر، سێ گوندی کریستیان نشینی لێن و پێشتر مستەفا بارزانی هاوکاری کردوون بۆ نۆژەنکردنەوەی کەنیسەکانیان و دابینکردنی پێداویستیی کریستیانەکان.
سینۆدۆسی كریستیانهكانی رۆژههڵاتی ئاشووری مانگی 5ـی ساڵی 2019 لە باشووری کوردستان لە شارۆچکەی دیانا بەڕێوەچوو، کەنیسەی دیانا گەورەکراو نۆژەنکرایەوە. پاتریاك ماركیوهر كیسی سێیهم، سهرۆكی رۆحیی كهنیسهی رۆژههڵاتی ئاشووری کەنیسەکەی کردەوە. تهواوی مهترانهكانی كهنیسهی رۆژههڵاتی جیهان کە ژمارەیان 16 مەترانە بەشداریی رێوڕەسمەکە بوون.
ژمارەی کریستیانەکانی دیانا نزیکەی 500 کەسن و ناوچەکە خاوەنی سێ کەنیسەیە و یەترۆن یۆنان قەشەی هەرسێ کەنیسەکەیە.
لە گوندی هاودیانی سۆران مزگەوت و کەنیسە جیرانن، کریستیان و موسڵمان پێکەوە لە گوندەکە دەژین، ساڵی 2006 نێچیرڤان بارزانی هاوکاری کردوون بۆ دروستکردنی ئەم کەنیسەیە.
ساڵی1990 ژمارەی دانیشتوانی عێراق 11 ملیۆن کەس بووە. 2 ملیۆن کەسیان کریستیان بوونە. شەڕ و ناکۆکییەکانی ساڵی 2005 ی شیعە و سوننە وایکرد هەزار و 142 کریستیان بکوژرێن و 98 کەنیسە رووخێنران و خاپوورکران، ساڵی 2014 ژمارەی کریستیانەکانی عێراق بووە نزیکەی 700 هەزار کەس و کۆچی بەلێشاویان بۆ هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا دەستپێکرد.
لە شەڕی داعشدا تەواوی گوند و ئاواییەکانی کریستیانەکان لە سنووری موسڵ تووشی وێرانەیی هاتن، نزیکەی 138 هەزار کریستیان تووشی ژیانی ئاوارەیی بوون و روویان کردە باشووری کوردستان.
مانگی شوباتی 2020 سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی و شاندێکی حکومەت سەردانی ڤاتیکانیانکرد، بارودۆخی کریستیانەکانی هەرێمی کوردستانیان بۆ پاپا فرانسیس باسکرد.
کریستیانەکان لە سەردەمی بابلیەکان، ئاشوور و سەنحاریب بە هەرسێ پێکهاتەکانی ئەرمەنی، ئاشووری و سریانییەوە لە باشووری کوردستان دەژین.
یەکێکی دیکە لە کەنیسەکانی باشووری کوردستان کەنیسەی گوندی سێکانیانە لە کەرکووک، تاکە کەنیسەیە لە دوای ساڵی 2003 دروستکرابێت، بە بڕیاری جەلال تاڵەبانی لەو گوندە ژمارەیەک زەوی بۆ کریستیانەکانی کەرکووک تەرخانکرا و کەنیسەشیان بۆ دروستکرا.
لە رێوڕەسم و بۆنە ئایینییەکان مەلا و قەشە کریستیان و موسڵمان پێکهاتە ئایینییەکانی دیکەی باشووری کوردستان پێکەوە کۆدەبنەوە.