یەحیا رەسوول: هێرشەکەی نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر تیرۆریستی بوو و برینداری لێکەوتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراق ئاشکرایکرد، هێرشە درۆنییەکەى نزیک فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیی هەولێر بریندارى لێکەوتووەتەوە و کاریگەریى لەسەر کاتى گەشتەکان هەبووە. هێرشەکەش بە "تیرۆریستى" ناو دەبات و دەڵێت: "سەرکۆنەى ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەکەین و هێزە ئەمنییەکان بە پشتبەستن بە تواناى هەواڵگرى دەگاتە بکەرانى و دەیاندەینە دادگە بۆ ئەوەى سزا بدرێن."
رۆژی 25ى کانوونى یەکەمى 2023، لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەدا، ئەو هێرشە درۆنییەى ئەمڕۆ دووشەممە لە نزیک فڕۆکەخانەى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان روویداوە، بریندارى لێکەوتووەتەوە و کارى فڕۆکەخانەکەى پەکخستووە و کاریگەرى لەسەر کاتى گەشتەکان هەبووە.
لیوا یەحیا رەسوول دەڵێت: "گرووپەکانى دەرچوو لەیاسا هەوڵدەدەن هێرش بکەنە سەر ئەو بنکە عێراقیانەى کە بەشێکیان راوێژکارى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژی داعشی تێدایە و لەنێو ئەو هێرشانە ئەوەى کە ئەمڕۆ روویدا لەرێگەى ناردنى درۆنى بۆمبڕێژکراو بۆ نزیک فڕۆکەخانەى سڤیلی هەولێر."
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 25-12-2023، دژەتیرۆری کوردستان بڵاویکردەوە، کاژێر 16:03ـی ئەمڕۆ "لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر."
گوتەبێژى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراق سەرکۆنەى ئەو "هێرشە تیرۆریستییە"ی کردووە و دەڵێت: "هێزە ئەمنییەکان بە پشتبەستن بە تواناى هەواڵگرى دەگاتە بکەرانى و دەیاندەینە دادگە بۆ ئەوەى سزا بدرێن".
گرووپە چەکدارە شیعەکانى نزیک لە ئێران، کە خۆیان بە موقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق دەناسێنن، بەرپرسیارێتیى هێرشە درۆنییەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێریان لە ئەستۆ گرتووە.