مانگی سووری عێراقی: هیچ ئاگادارییەکمان لەبارەی هاوکارییەکەی یەکێتیی ئەورووپا بەدەستنەگەیشتووە
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی مانگی سووری عێراقی رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ وردەکاری و بڕیارێکی فەرمییان لەبارەی ئەو 100 هەزار یۆرۆیە بەدەستنەگەیشتووە کە یەکێتیی ئەورووپا بۆ لافاوەکەی چەمچەماڵ تەرخانی کردووە، بەڵام یەکێتیی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و مانگی سوور بڕیاریانداوە هاوکاریی دارایی 500 خێزانی زیانلێکەوتوو بکەن.
هاوڕێ ئیحسان، سەرۆکی لقی هەولێر و دهۆک و راوێژکاری مانگی سووری عێراقی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات گوتی: "سەبارەت بەو 100 هەزار یۆرۆیەی باس دەکرێت یەکێتیی ئەورووپا تەرخانی کردووە، هیچ زانیارییەکی ئەوتۆم لەسەر ئەو بابەتە نییە و لای ئێمە روون نییە چۆنە، تەنیا لە هەواڵەکانی رووداو بینیومە و تاوەکو ئێستا هیچ بڕیار و پارەیەکمان لەو رووەوە بۆ نەهاتووە".
سەبارەت بە میکانیزمی وەرگرتنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان، هاوڕێ ئیحسان روونیکردەوە ئەوان وەک مانگی سوور پەیوەندییان بە یەکێتیی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و مانگی سوور (IFRC)ـەوە هەیە کە بارەگاکەی لە جنێڤە. گوتیشی: "داوامان لێکردوون یارمەتیمان بدەن، ئەوانیش بڕیاریانداوە 500 خێزان لەڕووی داراییەوە بە پارەی کاش هاوکاری بکەن".
لەبارەی کاتی گەیشتنی پارەکە و دابەشکردنی، راوێژکارەکەی مانگی سووری عێراقی ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی پشووەکانی سەری ساڵەوە گواستنەوەی پارەکە کاتی دەوێت و رەنگە بکەوێتە دوای سەری ساڵ. گوتیشی: "دوای گەیشتنی پارەکە، تیمەکانمان هەڵسەنگاندنی مەیدانی دەکەن و بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) لیستی ناوەکان وەردەگرین بۆ ئەوەی ئەو خێزانانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە سوودمەندبن".
سەبارەت بەو هاوکارییانەی تاوەکو ئێستا گەیاندوویانە، هاوڕێ ئیحسان گوتی: "لە یەکەم رۆژی لافاوەکەوە تیمەکانمان لە هەولێر، سلێمانی، کەرکووک و گەرمیان بە هەماهەنگی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان دەستیان بە کار کردووە، بە کۆی گشتی نزیکەی 1000 خێزان (750 خێزان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و 250 خێزان لە کەرکووک) لە وەرگرتنی خۆراک و کەلوپەلی ناوماڵ وەک بەتانی و سێتی مەتبەخ سوودمەند بوون".