دەروازەکانی حاجی ئۆمەران و باشماخ: لە سەری ساڵدا هاتووچۆ راناگیرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی دەروازە نێودەوڵەتییەکانی باشماخ و حاجی ئۆمەران دەڵێن، هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام دەبێت و بەهۆی پشووی سەری ساڵەوە راناگیرێت.
سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی سەری ساڵەوە هیچ رۆژێک هاتووچۆی (بازرگانی، کۆڵبەری و گەشتیاری) لە دەروازەکەمانەوە راناگیرێت و ئاسایی دەبێت".
هەر ئەمڕۆ، بەرپرسێک لە دەروازەی نێودەڵەتیی باشماخ لە پارێزگای سلێمانی بە رووداوی گوت: "پشووەکانی سەری ساڵ کاری دەروازەکە ناگریتەوە، هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی بەردەوام دەبێت".
بەگوێرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی سەری ساڵەوە لە ئەمڕۆوە پشوو دەستپێدەکات و 03-01-2025 دوایین رۆژی دەبێت و 04ـی هەمان مانگ دەوام ئاسایی دەبێتەوە.
دەروازەی حاجی ئۆمەران، لەنێوان ناحیەی حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر و پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستاندایە. دەروازەی باشماخیش، لەنێوان قەزای پێنجوێن و شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستاندایە.