وەزارەتی کشتوکاڵ: بەرهەمی ساڵانەی هەنگوین دەگاتە 1000 تۆن
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماری کەرتی هەنگەوانیی لە پێنج ساڵی رابردوودا خستەڕوو. بەپێی ئامارەکە تێکڕای ساڵانەی بەرهەمی هەنگوین لەم ماوەیەدا 1000 تۆن بووە.
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، " کەرتی هەنگەوانی لە پێنج ساڵی رابردوودا، گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە. لە ساڵی 2019دا کۆی بەرهەمی هەنگوین ملیۆنێک و 123 هەزار کیلۆگرام بووە، بەڵام ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2022دا گەیشتە لووتکە و ریکۆردی شکاند، کاتێک زیاتر لە ملیۆنێک و 600 هەزار کیلۆگرام هەنگوین بەرهەم هات."
هەولێر و سۆران؛ ناوەندی سەرەکیی بەرهەمهێنان
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ سەبارەت بە دابەشبوونی جوگرافیی بەرهەمەکە ناوچەکانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پشکی شێری بەرهەمەکەیان بەرکەوتووە. هیوا عەلی گوتی، لە ساڵی 2024دا، هەولێر بە بەرهەمهێنانی نزیکەی 130 هەزار کیلۆگرام و سۆران بە زیاتر لە 125 هەزار کیلۆگرام لە پێشەنگی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بوون.
گوتەبێژی وەزارەت دەڵێت: "ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ناوچە شاخاوییەکانی سۆران و دەوروبەری هەولێر ژینگەیەکی لەباریان بۆ هەنگەوانی هەیە."
دهۆک؛ زۆرترین هەنگەوان و بەرهەمی کەم
لە ساڵی 2024دا پارێزگای دهۆک 3,197 هەنگەوانی هەبووە. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: "زۆرترین ژمارەی هەنگەوانی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان هەیە، کەچی بڕی بەرهەمەکەی لەو ساڵەدا تەنیا نزیکەی 13 هەزار کیلۆگرام بوو".
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ روونیکردەوە: "لە دهۆک ژمارەی هەنگەوان و پوورەی هەنگ زۆرە (زیاتر لە 82 هەزار پوورە)، بەڵام بەرهەمەکەی بەراورد بە هەولێر و سۆران کەمترە، ئەمەش بۆ جۆری ژینگە و ئەو رووەکانە دەگەڕێتەوە کە هەنگی لەسەر دەژی، لەگەڵ کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کە لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازە."
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ رووداو، ژمارەی هەنگەوانان لە هەرێمی کوردستان لە 9,013 هەنگەوانەوە لە ساڵی 2019دا، بۆ 9,343 هەنگەوان لە ساڵی 2024 زیادیکردووە. هەرچی ژمارەی پوورەی هەنگە، لە ساڵی 2021دا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست کە نزیکەی 600 هەزار پوورە بووە.
ساڵی 2023ـدا هەنگەوانی کورد، فەرهەنگ حوسێن لە کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتی دا کە لە عەرەبستانی سعودیە رێکخرابوو لە نێو پێشبڕکێیەکی هەنگەوانانی زیاتر لە 40 وڵاتدا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
پوختەی ئاماری گشتیی کەرتی هەنگەوانی لە هەرێمی کوردستان (2019 - 2024):
ساڵی 2019:
کۆی بەرهەمی هەنگوین: 1,123,344 کیلۆگرام
ژمارەی پوورەی هەنگ: 595,655 پوورە
ژمارەی هەنگەوانان: 9,013 کەس
ساڵی 2020
کۆی بەرهەمی هەنگوین: 546,896 کیلۆگرام
ژمارەی پوورەی هەنگ: 613,652 پوورە
ژمارەی هەنگەوانان: 10,513 کەس
ساڵی 2021
کۆی بەرهەمی هەنگوین: 852,261 کیلۆگرام
ژمارەی پوورەی هەنگ: 592,815 پوورە
ژمارەی هەنگەوانان: 9,131 کەس
ساڵی 2022
کۆی بەرهەمی هەنگوین: 1,600,824 کیلۆگرام
ژمارەی پوورەی هەنگ: 324,700 پوورە
ژمارەی هەنگەوانان: 8,024 کەس
ساڵی 2023
کۆی بەرهەمی هەنگوین: 810,900 کیلۆگرام
ژمارەی پوورەی هەنگ: 303,080 پوورە
ژمارەی هەنگەوانان: 8,635 کەس
ساڵی 2024
کۆی بەرهەمی هەنگوین: 647,775 کیلۆگرام
ژمارەی پوورەی هەنگ: 364,785 پوورە
ژمارەی هەنگەوانان: 9,343 کەس.