دروشمی داعش لەسەر دیواری قوتابخانەیەکی کەرکووک دەنووسرێت

رووداو دیجیتاڵ

دروشمی رێکخراوی داعش لەسەر دیواری قوتابخانەیەکی کەرکووک دەنووسرێت؛ هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی عێراق دەستگیرکردنی دوو کەسی راگەیاند و دەڵێت بەنیاز بوونە کردەوەی تیرۆریستی بکەن.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی عێراق، دوای چاودێرییەکی وردی هەواڵگری و تەکنیکی هێزێکی دژەتیرۆریان لە پارێزگای کەرکووک لە  ئۆپەراسیۆنێکدا  دوو تۆمەتباریان دەستگیرکرد کە دروشم و پڕوپاگەندەیان بۆ داعش لەسەر دیواری یەکێک لە قوتابخانەکانی کەرکووک نووسیبوو.
 
ئەو کەسانە بە بۆیاخی رەش، دروشمی "دەولە ئیسلامییە باقییە"یان نووسیوە، کە یەکێکە لە دروشمە سەرەکییەکانی رێکخراوەکە. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا، تۆمەتبارەکان دانیان بەوەدا نا کە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیوەندییان پێوەکراوە و رێکخراون. هەروەها دانیان بەوەشدا نا کە ئەو دروشمانەیان نووسیوە و ویستوویانە لە رۆژانی داهاتوودا کردەوەی تیرۆریستی بکەن."
 
ئاژانسی هەواڵگریی فیدراڵیی عێراق، داوا لە گەنجان دەکات نەکەونە داوی ئەو بیرۆکە "ژەهراوییانە" کە لەلایەن پاشماوەکانی داعشەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە و تێیاندا هەوڵی هەڵخەڵەتاندنی گەنجان دەدرێت.