جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی سنە: یاساکان ئاستەنگی گەورەیان بۆ هەناردەکاران دروستکردووە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سنە رایدەگەیێنێت، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان رۆژهەڵات و هەرێمی کوردستان رووی لە کەمی کردووە. ئاماژە بەوەش دەکات کە یاسای "گەڕاندنەوەی دراو" زیانی گەورەی بە هەناردەکارە راستەقینەکان گەیاندووە و بازاڕەکەی سارد کردووەتەوە.
سەید کەمال حوسێنی، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سنە، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووری تۆڕی میدیایی رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی کرد، گوتی، سەرەڕای ویستی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان، گرفتە یاساییەکان بوونەتە رێگر.
سەبارەت بە وردەکاریی کێشەکان، حوسێنی گوتی: "یەکێک لە کێشە هەرە سەرەکییەکان لە ئێران، پرسی ناچارکردنی هەناردەکارانە بۆ گەڕاندنەوەی دراوی بیانی. دەوڵەت هەناردەکاران پابەند دەکات دۆلار بەو نرخەی حکومەت دیاری کردووە بگەڕێننەوە، ئەمەش وایکردووە هەناردەکردن قازانجی نەمێنێت و بازرگانە راستەقینەکان لە کارەکانیان پاشەکشە بکەن."
بەپێی گوتەی جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی سنە، نزیکەی 90% بۆ 95%ـی هەناردەی پارێزگای سنە بۆ هەرێمی کوردستانە، کە قەبارەی ئاڵوگۆڕەکە لە نێوان 500 ملیۆن بۆ یەک ملیار دۆلاردایە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا لە ژووری بازرگانیی سنە نزیکەی 1400 بۆ 1500 ئەندامی چالاک ماونەتەوە، لە کاتێکدا پێشتر ژمارەکە زۆر لەوە زیاتر بووە.
لەبارەی دەروازە سنوورییەکانەوە، حوسێنی روونی کردەوە کە لە سنووری پارێزگای سنە 5 دەروازە و بازاڕچە هەن، کە گرنگترینیان دەروازە نێودەوڵەتییەکانی باشماخ لە مەریوان و سەیرانبەن لە بانەن.
لابردنی چوار سفر لەسەر دراوی تمەن
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی سنە باسی لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 1405ـی ئێران (2026-2027) کرد کە لەلایەن کابینەکەی مەسعود پزیشکیانەوە پێشکێشی پەرلەمان کراوە.
گرنگترین گۆڕانکاری لەم بودجەیەدا ئەوەیە کە بۆ یەکەمجار لەسەر بنەمای "ریاڵی نوێ" (تمەنی ئێستا) ئامادەکراوە و چوار سفر لە دراوەکە لابراوە، ئەمەش وایکردووە ژمارەکان بچووکتر دەربکەون. کۆی گشتیی بودجەکە 14 ملیار و 441 ملیۆن تمەنە (کە هاوتای 14 تریلیۆن تمەنی پێشووە) و بڕیارە مووچەش 20% زیاد بکرێت.
سەبارەت بە کاریگەریی ئەم هەنگاوە، سەید کەمال حوسێنی دەڵێت: "لابردنی سفرەکان بەبێ ئەنجامدانی نەشتەرگەریی ئابووری و چاکسازیی بنەڕەتی لە پێکهاتەی دارایی ئێران دا هیچ کاریگەرییەکی نابێت. ئەگەر هەڵاوسان کۆنترۆڵ نەکرێت، ئەم هەنگاوە تەنیا کاریگەرییەکی دەروونی کاتیی دەبێت و رەنگە دۆخەکە خراپتریش بکات."
حوسێنی ئاماژەی بەوە کرد کە لابردنی سفرەکان زیاتر بۆ ئاسانکارییە لە مامەڵە رۆژانەکاندا. ئەو نموونەی ئەزموونی تورکیای لە ساڵی 2005 هێنایەوە و جەختی کردەوە کە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەیەکی لەو شێوەیە، پێویستە سەرەتا "رێکخستنی دارایی" و گۆڕانکاری لە رەوتی سیاسی و ئابووری بکرێت، ئەگەرنا بازاڕەکان رووبەڕووی شڵەژان دەبنەوە.