گەنجانی کریستیان: ژیان لێرە خۆشە، بەڵام دەبێت ئابووری باشتر بکرێت

رووداو دیجیتاڵ

لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا بەبۆنەی "جەژنی" لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح، چەند گەنجێکی کریستیان لە هەرێمی کوردستان تیشک دەخەنە سەر رەوشی ژیانیان، باس لە خۆشی و ناخۆشییەکان و خەون و نیگەرانییەکانی داهاتوویان دەکەن. سەرەڕای ئاماژەدان بە ئاستەنگی بەرچاو، بەتایبەتی لەڕووی ئابووری و کەمبوونەوەی ورەی گەنجان، بەڵام زۆرینەیان بە رۆحێکی گەشبینانەوە جەخت لەسەر پێکەوەژیانی ئاشتییانە و خواستیان بۆ مانەوە و خزمەتکردنی کوردستان دەکەنەوە.
 
کوردستان، وڵاتی پێکەوەژیان و ئاسوودەیی
 
یەکێک لەو خاڵە سەرەکییانەی گەنجە کریستیانەکان وەک لایەنێکی گەشی ژیان لە هەرێمی کوردستان ئاماژەیان پێدا، کولتووری پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی بوو. جێسیکا جەمیل، یەکێک لە بەشداربووان بوو و رایگەیاند، ژیان لە کوردستان تێکەڵەیەکە لە خۆشی و ناخۆشی و گوتی، "خۆشییەکەی لەوەیە کە کۆمەڵگەکانمان پڕ رەنگە، پڕ نەتەوەی جیاوازە، لە خێزانەکانمان نزیکین... دەتوانم بڵێم زۆربەی ژیانمان لێرە لە کوردستان خۆشییە".
 
ئەم بۆچوونە لەلایەن بەشداربووانی دیکەشەوە پشتڕاستکرایەوە. کریستینا نوهانو، باسی لەوە کرد کە "خۆشترین شت ئەوەیە کە نەتەوە و کولتووری جیاوازی تێدایە کە پێکەوە دەژین و هیچ کێشەیەکیان نییە". ئاریتا سامی، بە هەمان شێوە جەختی کردەوە، "ژیان و پێکەوەژیان لە کوردستان زیاترینە و لە هەموو جێی دیکەش باشترە". مانوێل هورمز، ئازادیی کەسی و کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان بە بەهایەکی گەورە زانی و گوتی، "ئەو ئازادییەی لێرە هەتە، لە دەرەوە نایبینی... لێرە سوپاس بۆ خوا ئەو ئازادییەت هەیە هەرچی بکەیت".
 
نیگەرانییەکان: بێکاری، بێهیوایی و سیاسەت
 
لەگەڵ ئەو هەموو لایەنە ئەرێنییەدا، گەنجەکان نیگەرانییەکانی خۆیان لەبارەی چەند پرسێکی گرنگ نەشاردەوە. یەکێک لە گەورەترین کێشەکان، وەک مانوێل هورمز، ئاماژەی پێدا، کەمیی هەلی کار و ناجێگیریی ئابووری بوو. ئەو گوتی، "ئیشی زۆر نییە لێرە... ئەگەر ئابوورییەکی باش لێرە هەبوو، هەموو ئەو شتانەی دیکە جوان دەبن، بەڵام کە ئابوورییەکی جوان نەبوو، هەلی کار کەم دەبێت".
 
ئەم دۆخە ئابوورییە راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ورە و هیوای گەنجان داناوە. جێسیکا جەمیل، بە نیگەرانییەوە باسی لەم دیاردەیە کرد و گوتی، "هەست دەکەم بێهیوا بووینە، هەست دەکەم کە کەمتر دەیانەوێت لە کوردستان ژیان بەڕێوە ببەن، ئەوەش لەبەر ئەوەی کە ئەورووپا... بووەتە بیرۆکەیەکی زۆر گەورە بۆیان". ئەو روونیکردەوە کە گەنجان وادەزانن ژیان لە ئەورووپا بێ کێشەیە، لە کاتێکدا "ژیان لەوێ زۆر زۆر زەحمەترە".
 
لاس، گەنجێکی موسڵمانی بەشداربووی گفتوگۆکە، هاوڕابوو لەگەڵ ئەم بۆچوونە و گوتی، "ئەو شتەی کە زۆر دڵتەنگم دەکات لە کوردستان، ورەی گەنجەکانمانە. زۆر لە گەنجەکانمان دەبینی کە ورەیان دابەزیوە... دەڵێن لە کوردستان ژیانی تێدا نییە، نەخێر بە پێچەوانەوە".
 
لەسەر ئاستی سیاسی، یەکێک لەو پرسانەی کە وەک نیگەرانییەک لەلایەن گەنجە کریستیانەکانەوە خرایەڕوو، پرسی یاسای هەڵبژاردن و کورسیی کۆتاکان بوو. جێسیکا، ئاماژەی بەوە کرد کە گوێی لە نیگەرانییەکان بووە سەبارەت بەوەی کە خەڵکی دیکە دەتوانن دەنگ بە نوێنەری کریستیانەکان بدەن و گوتی، "باوەڕم وایە باشترە کە مەسیحییەکان خۆیان بتوانن دەنگ بۆ مەسیحییەکانی دیکە بدەن، نەک کەسێک کە بە ژیانی خۆی تێکەڵی مەسیحییەکانیش نەبووە بتوانێت دەنگی پێ بدات". 
 
مانوێل هورمز، نموونەی ئەوەی هێنایەوە کە "شوێنی وا هەیە مەسیحیی زۆری تێدا نییە، بەڵام دەبینی یەک کورسی، دوو کورسیی هێناوە لە هەڵبژاردن، ئەوەش لە دەنگی مەسیحی نییە".
 
خەونی مانەوە و خزمەتکردن
 
سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، رۆحی گەشبینی و خواستی مانەوە لای زۆرینەی گەنجەکان بەهێز بوو. ئەوان جەختیان لەوە کردەوە کە خەونەکانیان بە شوێنەوە نەبەستووەتەوە، بەڵکو بە هەوڵ و کۆششی خۆیانەوە. کریستینا نوهانو، کە لە بواری پزیشکی دا دەخوێنێت، نموونەیەکی بەرچاوی ئەم خواستەیە و دەڵێت، "هیچ پلانێکم نییە... دەمەوێت خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەم هەرچەند دەتوانم".
 
لە کۆتاییدا، بەشداربووان هاوڕابوون کە هەرێمی کوردستان لەسەر رێچکەیەکی دروستە و پێکەوەژیان و گیانی یارمەتیدان لەنێو خەڵکدا هێزێکی گەورەیە. ئەوان هیوایان خواست بتوانن پێکەوە کار بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی گەشتر بۆ هەمووان بکەن و ورە بۆ ئەو گەنجانە بگەڕێننەوە کە هیواکانیان لەدەستداوە.