کێشەی کاپیتاڵ تاوەر؛ خاوەن شووقەکان ناڕازین و وەبەرهێنان دەڵێت: کۆمپانیایەک وەریدەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەی نیشتەجێبوونی (کەپیتاڵ تاوەر) لە هەولێر ماوەی سێ ساڵە وەستاوە و خاوەن شووقەکان ترسی فەوتانی پارەکەیان هەیە. بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی هەولێر ئاشکرای دەکات، خاوەنی پێشووی پڕۆژەکە فەرمانی گرتنی هەیە و کۆمپانیایەکی نوێ داوای تەواوکردنی پڕۆژەکەی کردووە.
پڕۆژەی (کەپیتاڵ تاوەر) دەکەوێتە سەر رێگەی بەحرکە لە شاری هەولێر، بەهۆی تەواونەکردنی لە وادەی خۆیدا بووەتە جێی نیگەرانیی سەتان کەس کە شووقەیان لێ کڕیوە.
ئیبراهیم مازن، کە مامۆستایە و یەکێکە لە کڕیارەکان، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "لە ساڵی 2022 شووقەیەکی 75 مەتریم بە 27 هەزار دۆلار کڕی و تەواوی پارەکەشم بە کاش داوە."
ئەو مامۆستایە دەڵێت: "ئەو کاتەی شووقەکەم کڕی، پڕۆژەکە 22 نهۆمی لێ دروستکرابوو، ئێستاش کە ساڵی 2025ـە، هەر لەو 22 نهۆمەدا ماوەتەوە و هیچ کارێکی تێدا ناکرێت."
یەکێکی دیکە لە کێشەکانی پڕۆژەکە کە ئیبراهیم مازن ئاماژەی پێدا، بابەتی مۆڵەتی نهۆمەکانە؛ ئەو دەڵێت: "من شووقەکەم لە نهۆمی 29 کڕیوە، بەڵام کاتێک چووینە دەستەی وەبەرهێنان، پێیان گوتین ئەم پڕۆژەیە تەنیا مۆڵەتی 25 نهۆمی هەیە."
وەبەرهێنان: خاوەنەکەی فەرمانی گرتنی هەیە
سەبارەت بە کێشەی ئەو پڕۆژەیە، سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئەو پڕۆژەیە لە ساڵانی رابردوو کێشەی هەبووە، وەبەرهێنەرەکەی سکاڵای هاووڵاتی لەسەر بووە و فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە."
لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکە و دەستپێکردنەوەی کارەکان، سامان عارەب گوتی: "یەکێک لە کۆمپانیاکان کە پێشتر خاوەن پشک بووە، داواکاریی پێشکێش بە دەستەی وەبەرهێنان کردووە بۆ ئەوەی پڕۆژەکە بگرێتە دەست. ئێمەش وەک بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانی هەولێر بۆچوونی خۆمان داوەتە دەستەی وەبەرهێنان و پێمان باشە کارەکانی دەستپێبکاتەوە."
بەشێک لە کڕیارانی پڕۆژەکە تەنیا پسوولەی پارەدانیان هەیە و گرێبەستیان نییە، بەڵام بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی هەولێر دڵنیایی دەدات و دەڵێت: "داتابەیسێکمان بۆ هەموو ئەو کەسانە دروستکردووە کە پارەیان داوە، کاتێک رەزامەندیی کۆتایی بۆ دەستبەکاربوونی کۆمپانیا نوێیەکە دەردەچێت، لیستەکە رادەستی ئەوان دەکەین بۆ ئەوەی مافی هیچ کەسێک نەفەوتێت."