باڵیۆزخانەی فەرەنسا: هێرشی سەر کۆرمۆر دەستدرێژییە بۆ سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان

رووداو دیجیتاڵ
 
باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە عێراق ئیدانەی هێرشکردنە سەر کێڵگەی گازیی کۆرمۆر دەکات و دەڵێت، هێرشکردنە سەر ژێرخانێکی مەدەنی کە سوود بە هەموو عێراقییەکان دەگەیێنێت، "دەستدرێژییە بۆ سەر سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان".
 
ئەمڕۆ هەینی، باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە عێراق لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر کێڵگەی گازیی کۆرمۆر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "باڵیۆزخانەی فەرەسا لە عێراق زۆر بە توندی ئیدانەی هێرشی دوێنێ شەوی دژی کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکات، کە بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە و راگرتنی بەرهەمهێنانی کارەبا".
 
باڵیۆزخانەکە هێرشەکە بە "دەستدرێژیی بۆ سەر سەقامگیریی" ناودەبات و دەڵێت، "هێرشی هاوشێوە لە دژی ژێرخانێکی مەدەنی، کە سوود بە هەموو عێراقییەکان دەگەیینێت، دەستدرێژییەکی ترە بۆ سەر سەقامگیری عێراق، بەتایبەتی بۆ سەر سەقامگیری هەرێمی کوردستان، ئەم هێرشە بەرزکردنەوەی گرژیی قبوڵنەکراوە".
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا، باڵیۆزخانەی فەرەنسا دڵنیاییداوە لەوەی لەم کەیسەدا هاوشانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەوەستێت.
 
شەوی 25-01-2024 سەرچاوەیەکی باڵا لە قەزای چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نزیک کاژێر 10:45ـی شەو هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و بەهۆی هێرشەکەوە کۆگایەکی هەڵگرتنی سووتەمەنی گڕیگرت.
 
وەزارەتی کارەبا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "لەپێناو سەلامەتیی کارمەندان و كێڵگەكە هەناردەكردنی گاز بۆ سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا راگیرا و ئەو هێرشە بووە هۆی كەمبوونەوەی زیاتر لە 2800 مێگاوات كارەبا".
 
هەروەها کۆمپانیای دانەگاز کە لە چوارچێوەی کۆنسێرتیۆمی پێرڵ پێترۆڵیۆم لە هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ سەرقاڵی بەرهەمهێنانی گازە، رۆژی هەینی 26-01-2024 رایگەیاند، "بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، پڕۆسەی بەرهەمهێنان بەتەواوەتی راوەستاوە. تیمەکانی بەگەڕخستن لە نزیکترین کاتدا سەرجەم رێکارەکانی پێویست بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان دەگرنەبەر کە پێشبینی دەکرێت لە وادەیەکی نزیکدا ئەوە بکرێت".
 
کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە گوندی کۆرمۆر لە شارۆچکەی قادر کەرەم لە سنووری قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی.
 
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.
 
ئەمڕۆ هەینی، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لە رووداوی هێرشکردنە سەر کێڵگەی گازیی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ دەرکرد و دەبێت لە 48 کاژێردا ئەنجامەکەی پێبدەن.