لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە سۆران چوار ئۆتۆمبێل پێکیاندادا
رووداو دیجیتاڵ
لە نزیک گوندی بەرزێوە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، چوار ئۆتۆمبێل پێکیاندادا. گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆ دەڵێت، زیانی گیانی نەبووە.
رووداوەکە کاژێر 05:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لەسەر رێگەی هامڵتن و لە نزیک گوندی بەرزێوە روویدا. عەقید موحسین شەمزینی، گوتەبێژی هاتووچۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زیانی مادی هەبووە؛ خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە".
موحسین شەمزینی ئاماژەی بەوە کرد، دوای رووداوەکە دەستبەجێ تیمەکانیان چوونەتە شوێنەکە و رێگەکەیان کردووەتەوە بۆ ئەوەی ئاستەنگی هاتووچۆ دروست نەبێت.
ئاماری ساڵی رابردووی هاتووچۆ تاوەکو ئەمڕۆ رانەگەیێندراوە، بەڵام بەگوێرەی پۆلیسی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2022دا 3 هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویاندا و لە ئەنجامدا 445 کەس گیانیان لەدەستدا و 7 هەزار و 250 کەسیش بریندار بوون.