باڵیۆزخانەی کەنەدا: هێرشکردنە سەر خەڵک و ژێرخانی هەرێمی کوردستان قبووڵکراو نییە
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق "بە تووندی" سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ دەکات و دەڵێت هێرشەکە بۆ سەر هەرێمی کوردستان "قبووڵکراو نییە".
رۆژی هەینی، 26ـی کانوونی دووەمی 2024، باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق رایگەیاند، "بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەین لە هەرێمی کوردستانی عێراق. ئەم هێرشە بۆ سەر خەڵک و ژێرخان لە هەرێمی کوردستانی عێراق قبووڵکراو نییە. دڵمان لەگەڵ هەموو ئەو خێزانانەدایە کە لە چلەی زستاندا بەبێ کارەبا ماونەتەوە."
هاوکات ئەمڕۆ، ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، لە بڵاوکراوەیەکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، رایگەیاند، "سەرکۆنەی ئەو هێرشەی دوێنیی سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان دەکەم، هێرشەکە بووە هۆی تێکدانی ژێرخان و پچڕانی وزەی کارەبا لە ملیۆنەها کەس لە نێوەڕاستی وەرزی زستاندا."
هەروەها پشتیوانی وڵاتەکەشی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دەربڕی و گوتی، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ هاوبەشەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانیکردنی سەروەریی عێراق دەمێنێتەوە."
شەوی 25-01-2024 سەرچاوەیەکی باڵا لە قەزای چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند نزیک کاژێر 10:45ـی شەوی پێنجشەممە، هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و بەهۆی هێرشەکەوە کۆگایەکی هەڵگرتنی سووتەمەنی گڕیگرت.
دوای هێرشەکە وەزارەتی کارەبا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لەپێناو سەلامەتیی کارمەندان و كێڵگەكە هەناردەكردنی گاز بۆ سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا راگیرا و بووە هۆی كەمبوونەوەی زیاتر لە 2800 مێگاوات بەرهەمهێنانی كارەبا."
هەروەها کۆمپانیای دانەگاز کە لە چوارچێوەی کۆنسێرتیۆمی پێرڵ پێترۆڵیۆم لە هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ سەرقاڵی بەرهەمهێنانی گازە، رۆژی هەینی 26-01-2024 رایگەیاند: "بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، پڕۆسەی بەرهەمهێنان بەتەواوەتی راوەستاوە، تیمەکانی بەگەڕخستن لە نزیکترین کاتدا سەرجەم رێکارەکانی پێویست بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان دەگرنەبەر کە پێشبینی دەکرێت لە وادەیەکی نزیکدا ئەوە بکرێت."
کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە گوندی کۆرمۆر لە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنان لە کێڵگەکەدا دەکەن.
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.