سامانە سرووشتییەکان بۆ رووداو: بەرهەمهێنانی گاز و کارەبا دەستیپێکردەوە

رووداو دیجیتاڵ 

بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەستی پێکردەوە و راستەوخۆش دەست بە بەرهەمهێنانی کارەبا کرایەوە.
 
شەوی هەینی، 26-01-2024، ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستیپێکردەوە بە ئاستی پێش دەستپێکردنی هێرشەکە بۆ سەر کێڵگەکە."
 
ئەحمەد موفتی ئاماژەی بەوەشکرد، دوای دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی گاز لەو کێڵگەیە، راستەوخۆ دەستیان بە بەرهەمهێنانی کارەباش بۆ هاونیشتمانییان کردەوە و سبەی شەممە وردەکاری زیاتر لەو بارەوە رادەگەیێنن.
 
هاوکات هەر ئەمشەو شاکر واجد شاکر، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دانەگاز لە عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کۆمپانیاکەمان لە چوارچێوەی چالاکییەکانی و بەگوێرەی مادەی 33ـی لیستی ئاشکراکردنی شەفافییەت لە بازاڕی کاخەزە داراییەکانی ئەبوزەبیدا، بەیانی ئەمڕۆ بڕیاریدا دەست بە کارەکانی [بەرهەمهێنانی گاز] لە وێستگەی کۆرمۆر بکاتەوە."
 
شەوی پێنجشەممە، نزیک کاژێر 10:45 بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی و بەهۆیەوە کارکردن لە کێڵگەکە وەستا.
 
دوای هێرشەکە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە كاژێر 10:22 خولەکی شەوی 25-01-2024، لە كێڵگەی گازی كۆرمۆر ئاگرێک کەوتەوە و بەو هۆیەوە هەناردەكردنی گاز بۆ سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا راگیرا و ئەوەش بووە هۆی كەمبوونەوەی زیاتر لە 2800 مێگاوات بەرهەمهێنانی كارەبا.
 
هێرشەکە کاردانەوەی بەرفراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدوادا هات. 
 
ئەمڕۆ هەینی 26-1-2023 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی لەبارەی هێرشەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەو هێرش و پەلامارە هەمەجۆرانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، هەوڵی دوژمن و نەیار و خائینانە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێم[ـی کوردستان] و پێیان وایە بەم هێرش و فشارە بەردەوامانە، کوردستان هەرەس دەهێنێت."
 
مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا گوتی، "گرنگە هەنگاوی کرداری لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بنرێت بۆ کۆتاییهێنان بە مەترسیی ئەم گرووپە لەیاسادەرچووانە و دەبێ ئاسایشی هەموو عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە بپارێزێت. داوا لە وڵاتانی دۆستیش دەکەین کە رێکاری جدی بگرنەبەر و هاوکاری مەیدانیمان بکەن بۆ ئەوەی ئاسایشی خەڵکی ئێمە و ئاسایشی ئابووری و سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت."
 
هەر ئەمڕۆ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لەبارەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر بڵاویکردەوە، بەهۆی ئەو هێرشە ستەمکارانەیەوە محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی بە لێکۆڵینەوە بۆ زانینی وردەکاریی رووداوەکە کرد بە جۆرێک لەماوەی 48 کاژێردا کارەکانی تەواو بن."
 
ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش ئەمشەو لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و گوتیشی، "جارێکی دیکە، پشتیوانی لە هاوبەشەکانمان لە عێراق، لەنێویاندا هەرێمی کوردستان دەکەین، دژی ئەو کردەوە دڕندە و بێ مانایانە؛ هەروەها داوا لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەکەین لێکۆڵینەوە بکەن و ئەوانەی بەرپرسیارن رووبەڕووی دادپەروەریی بکەنەوە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانیکردنی سەروەریی و ئاسایشی عێراق."
 
کۆرمۆر یەکێکە لە گوندەکانی شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی و کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی گازی تێدا دەکەن. کێڵگەکە یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە سامانە سرووشتییەکان، بەتایبەت گاز.
 
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.
 
دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکە و لە تشرینی یەکەمی 2008 بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکرد لە وێستگەیەک کە تازە تەواوکرابوو.